ئەنجوومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و تەنها یەک بڕگە تاوتوێ دەکات
ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11 ی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆی بڕگەیەك دەكەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بڕگەی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە خستنەڕووی ئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕۆژانی 8-9 ی ئەیلوولی 2024، لە هەولێر كرا؛ بە ئامانجی گفتوگۆكردن و دانانی ڕێكار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكان.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە رۆزنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کردووە.
لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەش، دوێنێ سێشەممە، 10-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بە هۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە.