عێراق دوو تۆمەتباری لە ئێران گەڕاندەوە کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، دوو کەسی بە تاوانی تیرۆریستی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەرگرتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بە هەوڵی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی 'ئینتەرپول' و بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئینتەرپۆلی تاران، دوو تۆمەتباری هەڵاتووی عێراقی گەڕێندرانەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو دوو تۆمەتبارە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە بە تاوانی 'ڕفاندن' بە مەبەستی تیرۆریستی داواکراوبوون و بە غیابی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، ڕادەستی لایەنی داواکار کراون بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان".