ڕووسیا: تا هێزەکانی ئۆکراینا لە کورسک بن، دانوستان مەحاڵە

جەنگی ڕووسیا - ئۆکرانیا
جەنگی ڕووسیا - ئۆکرانیا

لە کاتێکدا جەنگێکی دژوار لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەڕێوە دەچێت، هەریەک لە ئەڵمانیا و سویسرا پێشنیازی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا چین و هیندستان و بەرازیلیش هەوڵەکانی خۆیان چڕکردووەتەوە بۆ هەمان مەبەست. بەڵام لە ڕووسیا کاردانەوەکان جیاوازن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا دەڵێت: وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە ئۆکراینا، لە پێشینەی کارەکانماندایە. پسپۆڕانیش لە مۆسکۆ  پرۆسەی ئاشتی لەم هەلومەرجەدا بەگونجاو نابینن.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات گفتوگۆکان لەبارەی کۆتایهێنان بە ململانێی سەربازی لە ئۆکراینا دەست پێ بکرێت. وەزارەتی دەرەوەی  سویسراش دەڵێت: تەنیا بەبەشداریی مۆسکۆ پرۆسەی ئاشتی دەستەبەر دەبێت. لە وەڵامی ئەم هەوڵانە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا دەڵێت: بۆ ڕووسیا وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە پێشینەی کارەکانیاندایە. لێدوانی جیاجیا لە وڵاتانی  ئەورووپی دەبیستین سەبارەت بە چارە کردنی قەیرانی ئۆکراینا، بەڵام تائێستە هیچمان لەو وڵاتە نەبینیووە کە هەموو پرۆسەکەی لەدەستدایە.

ئەندرێی کلیمەڤ، سەرۆکی کۆمسیۆنی پاراستنی سەروەری دەوڵەت لە ئەنجوومەنی فیدراڵیی ڕووسیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەبارەت بە پلانی ئاشتی، سەرەتا دەبێت ئێمە بزانین چ پێشنیازێک لە ئارادایە، پاشان دەبێت ببینین تا چەند ئەم بابەتە پەیوەستە لەگەڵ ئەوەی کە ئەڵمانیا بەشێکە لە کێشەکە، چونکە بەرلین لەڕێگەی شارەزا و پارەدارکردن و هەناردەی چەکەوە لەشەڕەکەدا بەشدارە. تەنانەت ئیدانەی ئەوانەشی نەکردووە کە هێڵەکانی گازی تەوژمی باکوور دوویان تەقاندەوە، هەرچەند گازەکە دەچووە ئەڵمانیا و ئەوان لەسایەیدا دەوڵەمەند دەبوون. لەبەرانبەردا لە سەردەمی ڕاوێژکاری ئێستەی ئەڵمانیا بوو کە تانکی ئەڵمانی لەسەر خاکی ڕووسیادا شەڕ دەکەن. لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسییش هەماهەنگە و پشتیوانیی لەو بوکەڵە سیاسییانە دەکات کە کار بۆ ئەمەریکا دەکەن و دەسەڵاتی کیڤیان لە دەستدایە. ئەڵمانیا هاوکار بوو بۆ جێبەجێنەبوونی ڕێکەوتننامەی مینسک و بە درێژکردنەوەی گفتوگۆکان، کاتی پێویستیان دا بە کیڤ بۆ ئامادەسازی بۆ جەنگ لەگەڵ ڕووسیا، ئەمانە قسەی ئەنگێلا مێرکلی ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیایە، هەربۆیە پێموایە ئەو کەسانە نابێت و ناتوانن بانگەشە بۆ گفتوگۆی ئاشتی بکەن.

جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، زیانی گەورەی بە ڕووسیا و ئۆکراینا گەیاندووە، بەڵام خەریکە بەربەستی گەورەش بۆ ئابووری و پیشەسازیی وڵاتە پێشکەوتووەکان درووست دەکات. هەربۆیە پسپۆڕان لە مۆسکۆ دەڵێن: هەوڵی ئەوان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بۆ مانەوەی خۆیانە لەسەر کورسیی دەستەڵات.

لای خۆیەوە ئەندرێی سیدرۆڤ، ڕاگری کۆلیژی سیاسەتی جیهانی لە زانکۆی مۆسکۆ بۆ کوردستان24 گوتی:  ڕاوێژکاری ئەڵمانیا تەنها کەس نییە کە بانگەشە بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات، دیارە ئەو کێشەی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنی ناوچەییدا و ساڵی داهاتووش هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکەیە و پێدەچێت پارتەکەی بدۆڕێت. ئەمە هەوڵدانە بۆ دەربازبوون لەو کێشانە. من پێم وایە تا هێزەکانی ئۆکراینا لە کورسک بن، ڕووسیا هیچ دانوستانێک ناکات، پاشان پرسیار ئەوەیە لەسەر چ هەلومەرجێک کۆنفرانسی ئاشتی دەبەسترێت؟ ئەگەر بە خواستی ئۆکراینا بێت، لە 10 خاڵ، سێ خاڵی ماوە و ئەو سێ خاڵەش بۆ ئێمە قایلکەر نین. ڕووسیا دەڵێت دەبێت لەو ڕەوشەوە پرسی ئاشتی تاوتوێ بکەین، کە ئێستە لە مەیدانەکەدا باڵی کێشاوە، پاشان زۆرینەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە وڵاتانی خۆراوان و پشتیوانی لە زیلێنسکی دەکەن، بە بڕوای من هەوڵەکانی شۆلتس هیچ بایەخێکی دیپلۆماسییان نابێت.

لەکاتێکدا جەنگێکی دژوار لە هەرێمی دەنباس و کورسکی ڕووسیا، ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت، ئەڵمانیا و سویسرا پێشنیازی پرۆسەی ئاشتی دەکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیاش دەڵێت، تا دووژمن لە کورسک بێت، دانوستان مەحاڵە. پسپۆطانیش لە مۆسکۆ ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەم هەلومەرجەدا بەگونجاو نازانن.