کونسوڵی ڕووسیا: چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان
ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، چاوەڕێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و دەمانەوێت وەکو چاودێری بیانی بەشداری بکەین.

ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چاوەڕێی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم پارتە بەشداربووەکان دەخوازین.

ناوبراو گوتی: پێمان وایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە پێشتر لەبەر چەند هۆکارێکی جیا هەڵبژاردن دواخراوە، ئێستە دواجار هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن. هاوکات دەڵێت: ئێمەش چاودێر دەنێرن و دەمانەوێت بەشیک بین لە چاودێرانی بیانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 26ـی حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵ، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.