بەرپرسێكی پەكەكە: راوەستانی شەڕ لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە

"شەڕەكە دژوارتر و فراوانتر دەكەین"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی كۆمیتەی دیپلۆماسی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، راوەستانی شەڕ لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە، بەڵكو فراوانتركردنی شەڕ لە رۆژەڤی ئێمەدایە.

لە لیدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا سەرحەد ڤارتو گوتەبێژی کۆمیتەی دیپلۆماسی كەجەكە دەڵێ: "نزیكەی ساڵێكە شەڕێكی دژوار و بەرفراوان لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری کوردستان لە نێوان گەریلا و سووپا و پۆلیسی تورکیا لە ئارادایە، شەڕ گەیشتوەتە سنوورەکانی تورکیا لە دەریای رەش و دەریا سپی وە شەڕی گەریلاش هەر بەردەوامە".

باسی لەوەشكردووە: "لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا نزیکەی 750 گەریلا و هێزەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) گیانیان لە دەستداوە، لەبەرامبەریشدا زیاتر لە 4 ھەزار سەرباز و پۆلیسی توركیا كوژراون".

سەرحەد ڤارتو دەشڵێت: "راوەستانی شەڕ لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە، بەڵکو مەزنترکردن و فراوانترکردنی شەڕ لە رۆژەڤی ئێمەدایە و زۆرتر کردنەوەی چالاکیەکانمان لەبەر ئەوەی مەترسیەیەکی زۆر لەسەر سەرۆك ئاپۆ ھەیە".