پەرلەمانتارێک: سەرۆکایەتی پەرلەمان لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران ناکات
لەکاتێکدا گەندەڵی گەورەترین ئاڵنگارییە لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق لەهەمانکاتدا سەرەرای کۆکردنەوەی ئیمزا لەلایەن پەرلەمانتاران بۆ زۆرێک لە دۆسییەکانی گەندەڵی بەڵام پەرلەمانی عێراق هیچ وادەیەکی بۆ لێپرسینەوە بۆ ئەم دۆسیانە دیاری نەکردووە.
لەوبارەیەوە ئیبتیسام هیلالی سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسە لە دواخستنی وادەی لێپرسینەوە لە بەرپرسان و دۆسییەکانی گەندەڵی، دەشڵێت: ئەو یاسایانەی لەم خوولەی پەرلەمان دەرکراون ژمارەیان لە 15 یاسا تێناپەڕێت کە ئەمە دەری دەخات ئەم خوولەی پەرلەمان نەیتوانیوە وەکو پێویست ڕەنگدانەوە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی دروست بکات.
هیلالی ڕوونیشی دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا لەسەر زۆرێک لە دۆسیەکانی گەندەڵی و کەسایەتی و بەرپرسان ئیمزا کۆکراوەتەوە بەڵام بەبێ هۆکار سەرۆکایەتی پەرلەمان وادەیەک بۆ لێپرسینەوەیان دیاری ناکات.
لە 19ـی ئاب مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد وادەیەک بۆ لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە بەهای دۆلار و چەند پرسێکی دیکە دیاری بکات، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دیاری نەکردووە، هەروەها لە 16ـی ئابی ساڵی ڕابردوو محەمەد خەفاجی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی ئەشراقە گوتی: سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت بەهۆی فشارە سیاسییەکان و ڕێککەوتنەکانەوە داوای لێپرسینەوە کردن لە وەزیری کارەبای ڕەتکردووەتەوە .
دوایین لێپرسینەوە کە پەرلەمانی عێراق کردبێتی لە 13ـی ئاداری ئەمساڵ بووە، کە لێپرسینەوە بوو لە نەبیل جاسم سەرۆکی پێشووی تۆڕی میدیایی عێراقی، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی لە تۆڕەکە.