سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە جێی سەرنجی مێدیاکانی ئێران و جیهان
K24 – هەولێر:
سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و دەبێتە جێی سەرنجی مێدیاکانی ناوخۆیی ئێران و جیهان و بە سەردانێکی پڕ بایەخ وەسف دەکرێت. شارەزایەکی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕایدەگەیەنێت، ئێران و هەرێمی کوردستان سەلماندیان کە پابەندی پەیوەندییە مێژووییەکانیانن و خوازیاری بەرەو پێشەوەبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیشن.
سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی لە مێدیاکانی ناوخۆی ئێران و بەشێک لە مێدیاکانی جیهان دروست کردووە، چاودێرانی سیاسی و مێدیاکانی ئێران پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ بەرژەوەندی بازرگانی و ئابووری و دیدێکی دیکە دەیبەستێتەوە بە قوڵایی پەیوەندی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
پێگەی ئێسنا نووسیوویەتی، جێی بایەخە پزیشکیان یەکەمین سەرۆککۆماری ئێرانە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە 100 ساڵی ڕابردووشدا یەکەمین بەرپرسی باڵای ئێرانە کە سەردانی شاری بەسرە دەکات کە بە شادەماری ئابووریی عێراق ناسراوە.
لەوبارەیەوە ئەسغەر زارعی، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایدەگەیەنێت: لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا عێراق لە پێشینەیەو بەرژەوەندی ئابووری، ئەمنی ، کولتووری هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
دەشڵێت: ئەم سەردانەی سەرۆککۆمار بێ وێنە بوو بەو پێیەی جگە لە بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستان و شاری بەسرەی کردووە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت هەردوولا پابەندی پەیوەندییە مێژووییەکانیان و دەیانەوێت ئەم پەیوەندییانە لەرێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی بوارەکانی دیکەی کولتووری بەرەو پێشتر ببەن.
لەسەر ئاستی مێدیاکانی جیهانیشدا پێگەی عەرەب ویکلی نووسوویەتی: جێی بایەخە کە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەمیانی پێشوازیکردنیدا لە بەردەمیدا پێشمەرگەیەک ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە .
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیوویەتی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق لەدوای هەڵبژاردنی ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای گرژییەکانی ناوچەکە عێراق لەدیدی بەرپرسانی ئێران بەهایەکی ستراتیژی هەیە .
هەروەها یۆرۆ نیوز نووسیوویەتی، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ناوچە جیاوازەکانی عێراق ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران خوازیارە گرژییەکانی ناوچەکە کەم بکاتەوە لەکاتێکدا عێراق خوازیارە هاوسەنگیی سیاسیی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران ڕابگرێت
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە کە ئێران دەیەوێت فشارەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە چڕتر بکاتەوە.