سوپای ئەمەریکا: 14 سەرکردە و چەکداری داعشمان کوشت
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی عێراق ڕۆژی 29 ی ئابی 2024، لە ڕۆژئاوای عێراق چوار سەرکردەی داعش و 10 ئەندامی دیکە کوژران.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، فەرماندەیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 29ی ئابدا بە هاوبەشی هەڵمەتێکیان بۆ ڕۆژئاوای عێراق کرد و 14 ئەندامی داعش کوژران".
لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هاتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی لەناوبردنی توانای داعش بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هێرشەکان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی عێراق و هەروەها هاووڵاتییانی ئەمەریکی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە.
باسی لەوەش کرد کە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنە بەردەوامەکان دوای هەڵمەتەکە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەتوانێت کوژرانی 4 سەرکردەی داعش بسەلمێنێت، ئەوانیش بریتی بوون لە؛ ئەحمەد حەمید حسێن عەبدولجەلیل عیساوی، کە بەرپرسە لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، و ئەبو حەمام، 1999، بەرپرسە لە سەرپەرشتیی سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای عێراق، ئەبو عەلی تونسی، بەرپرسی سەرپەرشتیی پەرەپێدانی تەکنیکی و شاکر ئەبو ئەحمەد عیساوی بەرپرسی سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوای عێراق.
هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەیەکی پێشوودا کوژرانی سەرکردەکانی داعشیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەدا ڕاگەیاندبوو، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە دروستەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "وثبة الأسود" لە بیابانی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق کە لە بەیانی پێنجشەممەی ڕابردوودا دەستی پێ کرد و سێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانیی لەخۆگرتبوو.