چین هۆشداری دەداتە ئەڵمانیا

کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانیا (وێنە: AFP)
کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانیا (وێنە: AFP)

سوپای چین ڕەخنە لە تێپەڕبوونی دوو کەشتیی جەنگیی ئەڵمانیا بە گەروی تایواندا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕەفتارەی کەشتیوانیی ئەڵمانیا دەبێتە مایەی زیاتربوونی مەترسیی و قوڵتربوونەوەی ئاڵۆزییەکان.

لی شی، گوتەبێژ بەناوی سوپای چین لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕەفتارەی ئەڵمانیا مەترسییەکان زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئاماژە هەڵەکان، هەربۆیە سوپای چین و بە تایبەتی هێزی دەریایی بەرپەرچی هەموو هەڕەشە و ڕەفتارە گێچەڵکارییەکان دەداتەوە.

لەلایەن خۆیەوە بۆریس بێستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، کەشتی جەنگی بادن – ڤێتمبێرگ لەگەڵ کەشتییە پاسەوانەکانی بە گەرووی تایواندا تێپەڕیوون و ڕاشیگەیاندووە، تێپەڕبوونی کەشتییەکانی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئازادیی دەریاوانی بەو ناوچەی گوزەریان کردووە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر بۆ چەند جارێک کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا بەو گەرووەدا تێپەڕیون کە بووەتە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان تایوان و چین، بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە پەکین ئەو گەرووەی بە ناوچەیەکی قەدەغەکراو ناوبردووە.

هەروا چین دوورگەی تایوانی بە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی وڵاتەکەی ناو دەبات و ڕایگەیاندووە، ئامادەیە بیگەڕێنێتەوە ژێر هەژموونی خۆی، ئەگەر ڕازیش نەبێت ئەوە بە زەبری هێز تایوان وەردەگرێتەوە.

سوپای چین ڕاشیگەیاندووە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزێکی تایبەتی دەریایی و ئاسمانی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ چاودێریی  کەشتییە ئەڵمانییەکان و هۆشداریشیان پێیان داوە.