دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سکاڵای جووتیارانی کورد و تورکمان کۆ دەبێتەوە
دادگای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلوولی 2024، لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی خاوەندارێتی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی دادگاکە، دانیشتنی یەکەمی دادگای فیدراڵی، لەسەر سکاڵای ژمارە 140ی ساڵی 2023 دەبێت کە 21ی تەممووزی 2024، دانیشتەکە دواخرا بوو، کە لەلایەن شەش هاووڵاتیی کورد لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتەکانی تۆمارکراوە و لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1977 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتن و مافی خاوەندارێتی زەوییە کشتووکاڵییەکانی هاووڵاتییانی کورد و گواستنەوەی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان بۆ سەر وەزارەتی دارایی بە کارهێنانەوەی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە ناوی چاکسازی کشتووکاڵی بە نادەستووری دابنرێت و بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هەڵوەشێنردرێنەوە و مافی خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
هەروەها دانیشتنی دووەمی دادگای فیدراڵی عێراق بە هەمان شێوە لەسەر سکاڵایەکی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری شارۆچکەی داقوقی باشووری کەرکووک کە ئەو سکاڵایەش ڕۆژی 21ی مانگی تەممووز دانیشتەکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخرا بوو.
سکاڵاکاران کە چوار کەسن و سکاڵاکەیان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە داوای بە نادەستووری دانان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 824ی دەرچووی 16ی ئابی 1976 دەکەن، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە پاساوی چاکسازیی کشتووکاڵی زەوییەکانیان زەوت کراوە و مافی خاوەندارێتییان لێ وەرگیراوەتەوە.