بەهۆی کەمیی خۆراک و وشکەساڵی، وڵاتێکی ئەفریقا بڕیاری دا 200 فیل بکوژێت

دەسەڵاتدارانی زیمبابۆی پلانیان هەیە 200 فیل بکوژن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی ژمارەی ئەو ئاژەڵانە؛ لە کاتێکدا، ناوچەکە تووشی وشکەساڵییەکی سەخت بووە و  بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک، .

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردەوە، وەزیری ژینگەی زیمبابۆی لە پەرلەمان ڕایگەیاند،  "ژمارەی فیلەکانی وڵاتەکەمان زیاترە لەوەی پێویستمان پێیەتی"، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت دەستەی پارک و گیانلەبەرە کێوییەکانی زیمبابۆی ڕاسپاردووە بۆ دەست پێ کردنی پرۆسەی کوشتنی فیلەکان.

بەڕێوبەری گشتیی دەستەکە، فولتن مانگوانیا ڕایگەیاندووە، ئەو 200 فیلەی لەو ناوچانە ڕاو دەکرێن، پەلاماری مرۆڤەکانیان داوە.

وەزیری ژینگەی زیمبابۆی، سیتێمبیسۆ نیۆنی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت: لەگەڵ خزمەتگوزاریی گیانلەبەرە کێوییەکان و هەندێک لە کۆمەڵگاکان لە گفتوگۆداین کە نموونەی نامیبیا پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین فیلەکان بکوژین و گۆشتەکە وشک بکەینەوە و پاکەتی بکەین و دڵنیابین لەوەی کە دەگاتە دەست ئەو هاووڵاتیانەی پێویستیان پێیەتی.

زیمبابۆی نزیکەی 100 هەزار فیلی هەیە، کە دووەم گەورەترین ژمارەی فیل لە جیهاندا لەدوای بۆتسوانا لەو وڵاتەیە.

دەستەکە باس لەوەش دەکات، ناوچەی هوانگ لەو وڵاتە 65 هەزار لەو ئاژەڵانەی تێدایە کە زیاتر لە چوار هێندەی توانای خۆیدایە. هەروەها دوایین جار کە زیمبابۆی فیلەکانی کوشت لە ساڵی 1988 بوو.

نامیبیای دراوسێی وڵاتەکەی لەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، پلانی هەیە زیاتر لە 700 ئاژەڵی کێوی بکوژێت کە 83 فیلیان تێدایە، ئەمەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی کەمی خۆراکە بۆ هاووڵاتیان.

زیمبابۆی و نامیبیا لەنێو کۆمەڵێک وڵاتی باشووری ئەفریقادان کە بەهۆی وشکەساڵییەوە باری نائاسایییان ڕاگەیاندووە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 42%ی دانیشتوانی زیمبابۆی لە هەژاریدا دەژین و دەسەڵاتدارانیش دەڵێن نزیکەی 6 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی خۆراک دەبێت لەماوەی مانگی تشرینی دووەم تا مانگی ئادار، کە ئەو کاتە خۆراک کەمە.