ئەرکان بیبانی: دەست بەسەر 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوو چالاکی جیادا توانیومانە دەست بەسەر 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرین.
یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بازگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش توانیویەتی لە 10 و 11 ئەیلوول، دوو چالاکی بکات، لە چالاکییەکەدا لە بازگەی هیران توانیویانە دەست بگرن بەسەر بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ".
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: لە ڕۆژی 10ـی ئەیلوول، لە یەکەم چالاکی، لەناو ئۆتۆمبیلێکی نەفەرهەڵگر دەستگیرا بەسەر بڕی 5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر، ئەو بازرگانەشی هەوڵی داوە ئەو ماددە هۆشبەرە بهێنێت دەستگیر کراوە.
دەشڵێت: لە چالاکی دووەمدا دەستگیرا بەسەر بڕی 73 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، لە هەردوو چالاکییەکەدا هەوڵ دراوە ئەو ماددە هۆشبەرە بهێنرێتە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ساغ بکرێتەوە.
ئەرکان بیبانی ئاشکرای کرد، ئەوانەی هەوڵی ئەوەیان داوە کە ماددە هۆشبەرەکان بهێننە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە خەڵکی کوردستان بوون.
ئەو گوتەبێژە ڕاشیگەیاند "لە سەرەتای مانگی ئابەوە تاکو ئێستە دەستمان بەسەر بڕی زیاتر لە 150 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا گرتووە ، هەولەکانیشمان بەردەوامە تاکوو بتوانین ماددەی هۆشبەر ڕیشەکێش بکەین کە هەوڵ دەدەرێت بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و لێکۆڵیئنەوەش بەردەوامە بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە مامەڵە بەو ماددەیەوە دەکەن".