لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت 28 قوتابخانە لە شارۆچکەی سیدەکان نۆژەن دەکرێنەوە

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوژمەی دوو ملیار و 10 ملیۆن و 292 هەزار دینار، 28 قوتابخانە لەسنوری قەزای سیدەکان و دەوروبەری نۆژەن دەکرێنەوە.
یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونیدا ڕایگەیاند "لەسەر ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابخانە گڵەکانی سنووری ئیدارەی سۆران بەشێوازێکی نوێ دروست دەکرێنەوە کە ژمارەیان 28 قوتابخانەیە".
هەڵگورد شێخ نەجیب دەشڵێت: 18 قوتابخانەیان دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سیدەکان و هەشت قوتابخانەی دیکەش دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، یەک قوتابخانە دەکەوێتە شارۆچکەی چۆمان ئەوی دیکەش لە ڕواندزە.
سەپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاشیگەیاند، سەرباری قەیران و کێشە دەرەکی و ناوخۆییەکان، لەم کابینەیەدا زۆرترین خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون.
گووتیشی: هەموو ئەو پرۆژانەی لەسنووری سۆران دەست پێ کراون تەواو دەکرێن بەو پرۆژانەشی لەساڵی 2014دا ڕاگیراون.