سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بەنداوی "دووین" دادەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەردی بناغەی بەنداوی دووین، لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنرێت.
بەنداوی "دووین" توانای گڵدانەوەی 100 مليۆن مەتر سێجا ئاوی هەيە و ڕووبەڕی چوار کيلۆمەتر چوارگۆشە بە ئاو دادەپۆشێت. بەنداوەکە بە شێوازی کۆنکریتی RCC دروست دەکرێت و 75 مەتر بەرز دەبێت و لە بەرزترین ئاستیدا 320 مەتر درێژ دەبێت.
ئەم بەنداوە دەبێتە پاڵپشتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای هەولێر و ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز دەکاتەوە. بە هەڵکەوتەی لەگەڵ قەڵای دێرینی دووین، بەنداوەکە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت و دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری، هەروەها ناوچەکە دەگۆڕێت بۆ ناوەندێکی گەشەسەندووی ڕاوەماسی کە سوودێکی گرنگی ئابووری هەیە بۆ دانیشتووانی نزیک لە بەنداوەکە.
بەهۆی ئەم بەنداوەوە، هەڵسانی لافاو دەبێتە شتێکی ئەستەم، چونکە بەنداوی دووین ڕێڕەوی ئاو ڕێک دەخات و هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری لە کارەساتی سروشتی دەپارێزێت.
بەنداوی "دووین" لە لایەن گرووپی "سێنک دیزاین"ـەوە جێ بەجێ دەکرێت. گروپی سێنک لە ساڵی 2000 دامەزراوە و چەندین پڕۆژەی کوالێتی بەرز و تۆکمەی هەیە و تاکە کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەنداوی بە شێوازی کۆنکریتی RCC جێ بەجێ کردبێت، یەکێک لە پڕۆژە سەرکەوتووەکانیشی بەنداوی گۆمەسپانە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی بە سەرجەم کەرتە جیاوازەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کردووە و گرنگییەکی زۆری داوە بە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان.