دلێر گەرمیانی ئەلبوومێکی گۆرانی بۆ هەولێر و لیستی ئاوەدانی لەم هەڵبژاردنە، ئامادەیە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ "دلێر گەرمیانی" دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانی "هەولێر ئارامە"، 10 تراکی دیکەی گۆرانی تۆمار دەکات و بەنیازە لە ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویان بکاتەوە.

سێ گۆرانیش لەم ئەلبوومەی هونەرمەندا بۆ هەولێر گوتراوە و ناوی ئەو ئەلبوومەشی "سەرۆک"ـە.

دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024، دلێر گەرمیانی، لە ئاخاوتنێکی تایبەت بۆ کوردستان24 دەڵێت: گەر بمەوێت وەک هونەرمەندێک ویژدانم ئاسوودە بکەم، دەبێت جوانیی ئەو شەقام و ئەو ئازادی و ئاوەدانی و سەقامگیرییەی کوردستان لەبیر نەکەم، کە لە سایەی تێکوشانی 78 ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمه بە ئازادی و دوور لە ترس و تۆقانی دوژمنانی کورد گۆرانی بۆ خۆشەویستی کوردستان دەچڕین.

بۆیە بڕیارم داوە ئەلبوومە 10 تراکیەکەم، کە ناوم ناوە "سەرۆک" لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاوی بکەمەوە، کە سێ تراکیش لەو گۆرانییانه بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی 190 و کابینەی نۆیەم گوتوومە و شانازیش بەوە دەکەم، کە لەژێر سێبەری ئەو حیزبەدا خزمەت بە هونەر و فەرهەنگی کوردی دەکەم.