دەهلەکی: پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە

دەهلەکی: پێشمەرگە بە کردار پەرۆشبوونیان بۆ پاراستی ئاسایشی عێراق و هەموو پێکهاتەکان سەلماندووە

ڕەعد دەهلەکی پەرلەمانتاری عێراق (وێنە: ئەرشیف)
ڕەعد دەهلەکی پەرلەمانتاری عێراق (وێنە: ئەرشیف)

ڕەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە دیالە لە بارەی پێگە و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: هێزی پێشمەرگە بە دەقی دەستوور هێزێکی ئەمنی عێراقییە و پشتیوانی سوپای عێراقە، بە کردار سەلماندووە کە پەرۆشە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق گەلەکەی بە هەموو پێکهاتە جیاوازییەکانییەوە.

هەروەها نووسیویەتی: هێزی پێشمەرگە بەشدارییان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و چەندان شەهیدیان دا و  موزایەدە بەسەر لایەنگیرییان بۆ وڵات، مەکەن.

ئەم پەیامەی ڕەعد دەهلەکی، نوێنەری پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامە بۆ قسەکانی محەممەد حەلبووسی  سەرۆکی  حزبی تەقەدوم کە لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پڕ چەککردنی پێشمەرگە قسەی کردووە.

هەر لە وەڵامی قسەکانی حەلبووسی، خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی"پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوە و لە سەردەمێکی پێویستدا بۆ بەرگریی لە ژیانێکی شکۆمەندانە و خاکی کوردستان هاتووەتە کایەوە و پێشمەرگە هێمای ئاسایش، سەقامگیریی و ئاشتییە".

نووسیویەتی"پێشمەرگە دژی یەکێک لە دڕندەترین ڕێکخراوەکان کە داعش بوو، جەنگا و شەهیدی دا، هێزێکی ڕێکخراوە نەک هێزێکی تائیفی بێت تا دژی پڕچەککردنی بوەستنەوە".

گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی داوە، ئەمە لە کاتێکدایە، دژایەتیکردنی کورد، ئەو دروشمەی سیاسییەکانی عێراق بیانەوێت پۆستێک یاخود دەستکەوتێک بەدەست بهێنن پەنای بۆ دەبەن و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی وەدەستهێنانی دەدەن.