شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-09-2024، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، ئەندامانی شاندەکە، کە لە ژمارەیەک بەرپرسی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێک دێت، سبەینێ سێشەممە، 17-09-2024، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی کۆ دەبێتەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، سەرچاوەکەی کوردستان24 ڕوونی کردەوە "چوونی شاندەکە بە مەبەستی دانوستانە لەبارەی بودجە، مووچە، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی".
شەممە، 14-09-2024، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە و بەپێی بڕیای ئەنجوومەنی وەزیرانیی عێراقیش دەبێت تاوەکوو مانگی 12 مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت. لە بەرانبەردا مۆڵەت دراوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کێشە و گرفتەکانی لیستی مووچە چارە بکات.
چوارشەممە، 11-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێبایەخی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە.