له دوای نه‌مانی داعش 10 شه‌ڕی دیكه روو ده‌دەن
كورد به‌شداری ته‌واوی شه‌ڕه‌كانی پاش نه‌مانی داعش ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له راپۆرتێكدا باس له ئه‌نجامی كۆتاییهاتنی داعش و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین شه‌ڕی دیكه له ناوچه ده‌كات كه پاش نه‌مانی داعش له نێوان ئه‌و لایه‌ن و گرووپ و ده‌وڵه‌تانه روو ده‌دات كه ئێستا هه‌موویان له شه‌ڕی دژی داعش دان.
له ته‌واوی ئه‌و 10 شه‌ڕانه‌ی كه رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست پوڵێنی كردووه، لایه‌نی كوردی له باشووری كوردستان و رۆژئاوا راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ به‌شداری هه‌ر 10 شه‌ڕه‌كه ده‌بێت.
پێشی وایه، ئه‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ی كه ئێستا شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان دوژمنی یه‌كترن. كه هه‌ندێكیان شه‌ڕه‌كه‌یان ده‌ستیپێكردووه، هه‌ندێكی تریان هێشتا رووینه‌داوه. ئه‌و شه‌ڕانه ده‌بنه‌وه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی چانسی داعش بۆ رزگاربوون و مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی و ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتنیشی، هه‌روه‌ها ده‌بنه هۆی مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له ناوچه‌كه‌دا.

شه‌ڕی یه‌كه‌م:
له‌نێوان هێزه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كه ئێستا ئه‌مریكا پشتگیریان ده‌كات له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌ره‌ب به پشتگیری توركیا روو ده‌دات.
رۆژنامه‌كه پێی وایه ئێستا شه‌ڕه‌كه ده‌ستیپێكردوه. چه‌كداره عه‌ره‌به‌كانی سوریا هاوپه‌یمانی توركیا دژی پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه كوردییه‌كانن، رۆڵی توركیا له‌م شه‌ڕه دا به گرنگ ده‌زانێت كه دوو هه‌فته به‌ر له ئێستا به پراكتیك یارمه‌نی چه‌كدارانی سوریای دا بۆ گرتنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵات داعش. به‌ڵام روونه كه كورد زیاتر له داعش ئامانجی هێرشه‌كه‌ن.

شه‌ڕی دووه‌م:
له نێوان توركیا و كوردانی رۆژئاوای كوردستان
رۆژنامه‌كه پێی وایه ئه‌وه هاوشیوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌مه، به‌ڵام شه‌ڕێكی گه‌وره‌تر ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به هێرشی توركیا به‌بیانووی داعش ده‌كات، كه نیگه‌رانه له دروستبوونی دیفاكتۆیه‌كی كوردی به درێژایی سنووره‌كانی. كورد له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ناوچه‌ی فیدراڵیان راگه‌یاند، توركیا ئێستا دیوارێك به درێژایی سنووره‌كانی ده‌كیشێت، ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كان به‌رده‌وام بن، سوپای توركیا هێرش ده‌كاته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، كه گرووپێكی بچووكی سوپای ئه‌مریكا له‌وێیه، به‌ڵام ناكرێت فه‌رامۆش بكرێن.

شه‌ڕی سێیه‌م:
له نێوان كورده‌كانی رۆژئاوای كوردستان و حكومه‌تی سوریا
حكومه‌تی سوریا له پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه كوردییه‌كان ده‌ترسێت، كه تا ئه‌م دواییه هاوپه‌یمانیش بوون و به‌شار ئه‌سه‌د حكومه‌ته‌كه‌ی خسته بوارێك كه چه‌ك بداته كورد. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانیان پاش راگه‌یاندنی ئۆتۆنۆمی ئاڵۆز بووه و هه‌ردوو لا چه‌ند جار تووشی شه‌ڕی بچووك بوون. هه‌رچه‌نده ئاگربه‌ستێك له نێوانیاندا هه‌یه، به‌ڵام راگه‌یاندنی فیدرالیزم، به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌سه‌ده كه هه‌وڵی كۆنترۆڵ كردنی ته‌واوی سوریا ده‌دات.
شه‌ڕی چواره‌م:
له نیوان ئه‌مریكا و سوریا
داواكردنی دووخستنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له لایه‌ن باراك ئۆباما له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو، زۆر جار له‌وانه‌بوو هه‌ردوو لا تووشی شه‌ڕ بكات. هه‌رچه‌نده هه‌ردوولا حه‌زیان له شه‌ڕ دژی یه‌كتر نه‌بووه، به‌ڵام له چه‌ندین به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعش، گرووپه‌كانی سه‌ر به ئه‌مریكا راسته‌وخۆ تووشی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌ت ده‌بن، به‌تایبه‌تی له شاری ره‌قه. مانگی رابردوو فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌نگاری فڕۆكه‌كانی سوریا بوون كه هێزه‌كانی كوردی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایان بۆردومان ده‌كرد.

شه‌ڕی پێنجه‌م:
له نێوان توركیا و سوریا
هێرشی سوپای توركیا بۆ ناوی سنووری سوریا، شه‌ڕی له‌گه‌ل داعش و هێزه كوردییه‌كان لێكه‌وته‌وه. توركیا هه‌نگاوی به‌ره‌و باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیا و ئێران هاوێشتووه كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئه‌سه‌دن. به‌هۆیه‌وه گڵۆپی سه‌وزی به‌ده‌ستهێناوه بۆ چوونه ناوه‌وه‌ی باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان).
ئه‌گه‌ر شه‌ڕی توركیا دژی داعش به باشی به‌ڕێوه بچێت، هێزه‌كانی توركیا به زوویی به‌ره‌نگاریی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا له پارێزگای حه‌له‌ب ده‌بنه‌وه.
شه‌ڕی شه‌شه‌م:
له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق
رۆژنامه‌كه پێی وایه سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی كوردانی رۆژئاوا له دژی داعش ناوچه‌ی زیاتر كۆنترۆڵ ده‌كات كه به‌ر له داعش له ژێر كۆنترۆڵی به‌غدا بووه، هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ردووكیان هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان.
هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه له‌و ناوچانه ناكێشێته‌وه كه له شه‌ڕه‌كانی دژی داعش به خوێن به‌ده‌ستی هێناوه، له كاتێكدا كه به‌غدا داوای ته‌واوی ئه‌و ناوچانه ده‌كات.

شه‌ڕی حه‌وته‌م:
له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ملیشیاكانی شیعه
ئه‌و شه‌ڕه هاوشێوه‌ی شه‌ڕی ژماره‌ی شه‌شه، كه وادیاره ده‌ستیپێكردووه. هه‌ندێ له ملیشیاكانی شیعه‌ی سه‌ر به ئیران رۆڵیان هه‌بووه له كۆنترۆڵكردنی هه‌ندێك له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، له كۆتاییدا به‌ره‌نگاری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوونه‌وه كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشتگیری ده‌كرێت. ئاماژه به رووداوه‌كانی دۆزخورماتو ده‌كات كه شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان هه‌ردوو لا روویدا. به‌ڵام كورده‌كان له نێوان خۆیاندا یه‌كگرتوو نین، چ له سوریا و چ له عێراق، كه یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌گه‌ری روودانی ئه‌و شه‌ڕه.
شه‌ری هه‌شته‌م:
شه‌ڕی كورد له دژی كورد
له‌وانه‌یه ته‌واوی سیناریۆیه‌كان زۆر ئاڵۆز بن، به‌ڵام دووریش نییه. كورده‌كان له‌نێوان خۆیاندا سه‌باره‌ت به هه‌موو شتێك به خراپی دابه‌شبوونه، بێجگه له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست باس له شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی له ده‌یه‌ی نه‌وه‌د ده‌كات، ئیستا ئه‌گه‌ری شه‌ڕی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان له سوریا یان عێراق یان له نێوان هه‌ردوو لا هه‌یه كه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان.

شه‌ڕی نۆیه‌م:
عه‌ره‌بی سونه له‌گه‌ل شیعه یان له‌گه‌ڵ كورد
ئه‌و شار و گوندانه‌ی كه له شه‌ڕه‌كانی دژی داعش له لایه‌ن هێزه‌كانی كوردی یان شیعه كۆنترۆڵكراون، ناوچه‌كانی سونه‌نشینن. هه‌ندێ له سوونه‌كان یارمه‌تی كورد یان شیعه‌یان دا بۆ تێكشكاندنی داعش. هه‌ندێكیان له سته‌مگه‌ری داعش رزگاریان بوو.
به‌ڵام هه‌ندێ راپۆرت بڵاو كراونه‌ته‌وه كه هێزه‌كانی كورد و شیعه پێشلكارییان به‌رامبه‌ر سوونه‌كان كردووه، كه ناوچه‌كانیان رزگار كردوون. باس له به زۆر راگواستن و ده‌ستگیركردنی پیاوانیان ده‌كرێت، له نه‌بوونی ئاشته‌واییه‌كی راسته‌قینه، له‌وانه چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ به‌شداریكردنی لایه‌نی سونه له ده‌سه‌ڵاتدا، یاخیبوونێكی نوێی سوننه سه‌ر هه‌ڵده‌دات.
شه‌ڕی ده‌یه‌م:
پاشماوه‌كانی داعش دژی هه‌موو لایه‌نێك
داعش له سوریا و عێراق ناوچه‌یه‌كی زۆری له ده‌ستداوە. هێرشه‌كان بۆ هه‌ردوو پایته‌ختی داعش، موسڵ و ره‌قه ده‌ستیپێكردووه. ئه‌گه‌ر گرووپه‌كانی به‌شدار له هێرشه‌كانی دژی داعش له‌گه‌ڵ یه‌كتر شه‌ڕ بكه‌ن، ده‌بێته هۆی دواخستنی هێرشه‌كان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی یه‌كتر نه‌كه‌ن، ناكۆكییه‌كانیان به هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مێنێته‌وه، كه له ماوه‌ی درێژخایه‌ندا ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه. سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كان ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت بۆ پێش‌گرتن له پشێوی، به قازانجی داعش ده‌شكێته‌وه و ده‌بێته هۆی روودانی شه‌ڕێكی نوێ و مانه‌وه‌ی داعش.
