شوان کەلاری: بە پەسندکرنی هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدان، کەسوکاری شەهیدان چەندین ئیمتیازیان پێدەدرێت
K24 - هەولێر:
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی دامەزراوەی شەهیدان دا و جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە پەسندکرنی هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدان، کەسوکاری شەهیدان چەندین ئیمتیاز دەیانگرێتەوە.
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق هەمواری یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدانی پەسندکرد، ئەمەش وادەکات کەسوکاری شەهیدان چەندین ئیمتیازات بیانگرێتەوە.
گوتیشی، ئەو شەهیدانەی ناویان لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، ئەوا کەسوکارەکانیان مێدالیای سەرۆکایەتی کۆماریان پێ دەدرێت، هەروەها لە ژمارەیەک باج دەبەخشرێن، کە بە یاسا ڕێکخراوە، جگە لەمەش ئەوانەی لە وەزارەتەکاندا فەرمانبەرن ئەوا دەتواننڕاژەکانیان لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە بگوازنەوە.
شوان کەلاری لەبارەی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان بەگوێرەی یاساکە ئاماژەی بەوەدا، 10 لە کورسییەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکان بۆ کەسوکاری شەهیدان تەرخان دەکرێت و لە مەرج و رێنماییەکان دەبەخشرێن.
هەر لەبارەی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان ڕوونیکردەوە، لە دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ قوتابییان ئەو لەویەت بۆ کەسوکاری شەهیدانە.