مەسرور بارزانی: نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە ئاست و کوالێتییەکی بەرز دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان

مەسرور بارزانی: کوالێتی تەندروستی لە کەرتی گشتیی دەبێت باشتر بێت

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئامانجمان باشترکردنی كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستییە لە كەرتی گشتییدا". 

چوارشەممە، 18-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاری ڕێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانە چارەسەری شێرپەنجە، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتی: خۆشحاڵم بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی زۆر گرنگ لە هەولێر دادەنێین، کە نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەیە و بە ئاست و کوالێتییەکی بەرز دروست دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێر و هەموو کوردستان.

بە گوتەی سەرۆک وەزیران: لە هەرێمی کوردستان چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە کە خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییانمان دەکەن، هەروەها نەخۆشانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستان دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستە پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کرد لە پای ئەو خزمەتەی پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەن.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو: کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان هێشتا چاکسازی و خزمەتی زۆری پێویستە، هەربۆیە لەسەرەتای کابینەدا چاکسازی تەندروستی لە ئەولەوییەتی کارەکانم بوو، بۆ ئەم مەبەستەش پرسمان بە پسپۆرانی دەرەوەی وڵاتیش کرد، بەڵام بە داخەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ فشار و پەتای کۆرۆنا هەموو کەوتە سەر ئەم کەرتە و کاریگەری لەسەر هەنگاوەکانمان هەبوو، سەرەڕای ئەمەش هەنگاوی بەرچاو لە ڕێکخستنەوەی دەرمان نراوە.

سەرۆک وەزیران پێیوایە دەبێت: لە کەرتی تەندروستیدا کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بکەن، کوالێتی تەندروستی لە کەرتی گشتیی دەبێت باشتر بێت، هاووڵاتییانیش لە نەخۆشخانە گشتییەکان دەبێت هەست بە ئاسوودەیی و خزمەت بکات، هەربۆیە هەندێک هەنگاوی کردەییمان لەم بوارە دەست پێکردووە، هەروەها نووسینگەکەی خۆمم ڕاسپاردووە تاوەکوو بە هەماهەمەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی وەک پرۆژەی تاقیکاری چەند نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتیی پێشبخەن، لەوانە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی کوردستان دەست بەم پرۆژەیە کراوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا "ڕێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیە وەکوو هەموو جیهان زیادی کردووە، هەربۆیە دەبێت بەوردی هەم کار لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشەکانمان بکەن هەم باشترین چارەسەرەکانیش بۆ نەخۆشەکانمان دەستەبەر بکەین، لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، ئێمە هاوکاری سەندووقی کۆمەککردنی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکەین، هیوادارین هاووڵاتییان و کەرتی تایبەتیش بتوانن هاوکاری ئەم سندووقە بکەن".

سەرۆک وەزیران جەختیشی لەوە کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو توانای خۆی لە پێناو باشترکردنی دۆخی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاست و کوالێتی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان دەخاتە گەڕ". گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان توانای زانستی و پزیشکی زۆز زۆر باشمان هەیە کە دەتوانن بەشێوەیەکی باشتر خزمەتی هاووڵاتییانمان بکەن.

مەسرور بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ تەواوی نەخۆشانی شێرپەنجە خواست و گوتی: هەرچییەک لە تواناماندا بێت بۆ هاوکاری و چارەسەرکردنیان درێخی ناکەین. هەروا هیوای خواست کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بەزوویی بتوانێت نەخۆشخانەکە دروست بکات تاوەکوو هەرچی زووە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، بەیانیتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، كە پرۆژەی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجەیە، كە بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیيانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەمان هەن كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیيانمان دەكەن، هەروەها نەخۆشەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوویان تێدەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە بكەم بۆ ئەو ئەركە پیرۆز و مرۆڤانانەی ئەنجامی دەدەن.

كەرتی تەندروستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی وڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتیی داو و دەرمان نراوە.

لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر ببێت، هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات. هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێكردووە و نووسینگەی خۆم ڕاسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، وەك پرۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری - هەولێر (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە.

بەڕێزان:

ڕێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین، لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرانیی تێچووی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجەش، ئێمە پاڵپشتیی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبوانی شێرپەنجە دەكەین و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتیی ئەو سندووقە بدەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكانمان دەخاتە گەڕ. لە هەرێمی كوردستان توانای زانستی و پزیشكیی باشمان هەیە و پزیشكی زۆر باشمان هەیە كە دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیيانمان بكەن.

لە كۆتایی، هیوای ساخ و سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازم و ئومێدی چاكبوونەوەی خێرا بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجە دەخوازم و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ هاوكاریكردن و چارەسەركردنیان درێخی ناكەین. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم لە كاتێكی زوودا بتوانن ئەم نەخۆشخانەیە تەواو بكەن بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيان، چ لە شاری هەولێر، چ لەسەر ئاستی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق. بەڵام ئەمە تەمەننا دەكەم خەڵك مەجبوور نەبێت سەردانی بكات.
لە كۆتاییدا هیوادارم هەمووتان شاد و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.