غەیس تەمیمی: هەڵوێستەکانی حەلبووسی بەرانبەر پێشمەرگە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیەتی

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە
غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پڕۆژه‌ی مواتەنە دەڵێت: حەلبووسی و هاوشێوەکانی مەترسین بۆ سەر عێراق و ئەوان لە پێناو چاوپۆشیکردن لە گەندەڵیەکانی سازش دەکەن.

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ژیانی دەستووریی لە دەوڵەتی عێراقدا تا ئێستە تەواو نەکراوە، وڵاتەکە بە یاسای فیدراڵی و سیستەمێکی ناوەندیی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە.

سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە، ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی حەلبووسی لەسەر کار لادرا، ئێستە دەیەوێت خۆی لە قەیس خەزعەلی نزیک بکاتەوە، هەروەها سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەیەوێت دەستکەوتێکی سیاسی بەدەست بهێنێت.

ناوبراو دەڵێت: حەلبووسی دەیەوێت سازش بۆ خەزعەلی بکات. حەلبووسی و هاوشێوەکانی مەترسین بۆ سەر عێراق و مایەپووچیشن.

گوتیشی: هەڵوێستەکانی حەلبووسی بەرانبەر پێشمەرگە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیەتی، ئەو لە پێناو چاوپۆشیکردن لە گەندەڵیەکانی، سازش دەکات.

غەیس تەمیمی، جەختی لەوە کردەوە، سوننەکان پێش هەرێمی کوردستان وەڵامی حەلبووسییان دایەوە و ئەوەی حەلبووسی کردوویەتی قومارکردنە، هەروەها ناوبراو لە دژایەتیکردنی هێزی پێشمەرگەدا دەدۆڕێت.

لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە، دەڵێت: هێزی پێشمەرگە دەستدرێژی نەکردووەتە سەر خاکی عێراق، هەروەها دەبێت هێزەکە پڕ چەک بکرێت، چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

هاوکات گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابووری هەیە، هەروەها هەرێمەکە دەرگەی بۆ ئاوارە سوننەکان کردەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەرێمی کوردستان، ئەزموونە سەرکەوتووەکەی عێراقە.