سامان عارەب: هەر وەبەرهێنێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت پرۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە
سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر بەدواداچوون بۆ نرخی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێ دەکرێت و هەر وەبەرهێنەرێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، پرۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و بە وەبەرهێنەرێکی دیکە دەدرێت کە کەمترین خەرجی لەسەر هاووڵاتییان بکەوێت.
سامان عارەب، گوتی: دەستەی وەبەرهێنان لە ڕێگەی بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانی لە پارێزگاکان لێژنەیەکی تایبەت کە لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانی حکوومەتی پێکهاتوون بەدواداچوون بۆ جۆر و کوالیتی و نرخی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێ دەکەن و نرخەکان لە 25 هەزارەوە تاوەکوو 125 هەزار دەبێت.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنەری هەولێر گوتیشی: لە نرخی خزمەتگوزارییەکاندا ڕەچاوی توانای دارایی دانیشتووان و تایبەتمەندی پرۆژەکان و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان دەکرێت، بەڵام هەموو حاڵەت و بارودۆخەکاندا هاووڵاتییان کرۆکی ڕەچاوکردنەکانن و دەبێت مافەکانیان پارێزراو بێت و هیچ وەبەرهێنەرێک سەربەخۆیانە ناتوانێت نرخی خزمەتگوزارییەکان دیاری بکات.
هەروەها ڕایگەیاند، هەر خاوەن پرۆژەیەکیش پابەند بە بڕیارەکان نەبێت، ئەوا بە گوێرەی ئەو ڕێنماییەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، سزایەکی دارایی دانراوە کە لە نێوان پێنج ملیۆن تاوەکوو 50 ملیۆن دینارە، ئەگەر وەبەرهێنەرێک سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە، خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی پارێزگاوە لە وەبەرهێنەرەکە وەردەگیرێتەوە و بە وەبەرهێنەرێکی دیکە دەدرێت کە کەمترین کرێ و تێچوون بۆ هاووڵاتییان لەبەرچاو دەگرێت.