خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

جیهان بەرەو بەکارهێنانی زیاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەنگاو دەنێت، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت لەو بارەیەوە دوا نەکەوێت، بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی هەرێم باجی سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی هەڵگرت.
هاوکار حەمەد لە یەکێ لەو کۆمپانیایانە کار دەکات کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە دەکەن، ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاڕەکە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دەبێت.
ئۆتۆمبێلێک بە تەواوی بە کارەبا کار دەکات، هەر کاتێک بە تەواوی بارگراویی بکرێتەوە، دەتوانێت نزیکەی 450 بۆ 500 کیلۆمەتر بەڕێگادا بڕوات.
لە ساڵی 2022، لە شاری هەولێر تەنها 20 ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەبوون، ئێستا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیاتر بوون و خواستییان لەسەر زۆرە، ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە، هیچ سووتەمەنییەکی وەکو بەنزین و گاز و غاز بەکارناهێنێت، بۆیە بە دۆستی ژینگە ناسراوە.
یەکێک لە کۆمپانیاکان، وێستگەیەکی بارگاوی کردنی خۆڕایی داناوە، ڕێگە دەدات بە هاووڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان بارگاوی بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر هانی شوفێران بدات بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بەدەستی ژینگە ناسراوە.
هاوکار حەمەد لە یەکێ لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەڵێت: دوای بڕیاڕەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە هەیە، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلانە بە نرخێکی گونجاوتر بکڕن کە سوود بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چاوەڕێش دەکرێت ساڵانی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن و ژینگەی هەرێمی کوردستانیش بەرەو پاکبوونەوەی زیاتر بڕوات.
لەمەودوا باج لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەرناگیرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان پاک بێت و بگاتە ئاستی ستاندارد.
دلشاد حوسێن نەجیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت: لەسەر داوای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە 29ـی 11ـی 2023کە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، باجی گومرگیی وەرنەگیرێ، پێشنازی ئەوەشمان کردووە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پارەی تابلۆش ببەخشرێن، ئەوەش بەشێکە لەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر لەڕووی دەرهاوێشتە گازییەکان وەکو CO2 دەرنادات، هاوکات ژاوە ژاوی نییە و خەرجیی کەمە.
ئێستا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاتر بووە، بۆ هەر کاتژمێرێک بارگاوی کردن، بڕی 30 هەزار دینار تێچوویەتی.
دڵزار محەمەد، کارمەندی وێستگەی بارگاوی کردن دەڵێت: وێستگەکە خێراتر ئۆتۆمبێلەکان بارگاوی دەکات، وەکو کارەبای ماڵەوە نییە کە بەو شێوە خێرا ئۆتۆمبێل بارگاوی ناکات، هەر ئۆتۆمبێلێک لە ماڵەوە بە 8 کاتژمێر بارگاوی بکرێت، لە وێستگەی بارگاوی کردن بە کەمتر لە کاتژمێرێک ئۆتۆمبێل بارگاوی دەکرێتەوە.
تا ئێستا نزیکە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵانە چوار تۆن دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە هەواو و ژینگەی هەرێمی کوردستان.