ئەمەریکا پشتیوانیی جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانیی جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
پێنجشەممە 19ـی ئەیلوولی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، تیمێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی دەزگای میدیایی ئێزدی24 کۆبوونەوە، بۆ ئاشنابوون بە دەزگا میدیاییەکە و پڕۆگرامەکانیان و ئەو ئاڵنگاریانەی ڕوبەڕوویان دەبنەوە.
دەزگای میدیایی ئێزدی24 دەستپێشخەریەکی نوێی خستەگەڕ بە ناونیشانی (هن) کە سەکۆیەکی ئۆنلاینە و لە لایەن خانمانی ڕۆژنامەوانی سەر بە پێکهاتەکان بەڕێوەدەبرێت، ئامانج لێی برەودانە بە مافەکانی خانمانی پێکهاتەکان و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی سەرکەوتنیان.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات کە، بەشداریی ئافرەتان لایەنێکی گرنگی کۆمەڵگای کراوە و دیموکراتییە، دەشڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیی لە ژینگەیەک دەکات کە تیایدا ڕۆژنامەوانان هەموویان بتوانن کاری خۆیان ئازادانە و بێ ترس لە چاوترساندن و جیاکاریی یا هەراسانکردن بکەن ، هەر لەو نێوەندەشدا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان دەکات.