سوودانی: پێویستە کۆتایی بە شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێندرێن
K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگوتاری ساڵانەی سەرۆکی وڵاتان لە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایدەگەیەنێت: پێشخستن و گەشەی بەردەوام پێویستی بە زەمینەی ئاشتی هەیەو لەو پێناوەدا داوا دەکات شەڕو ململانێکانی ناوچە ڕابگیرێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 محەممەد شیاع، سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگوتاری ساڵانەی سەرۆکی وڵاتان لە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتی: پابەند دەبین بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ عێراق و ناوچەکە بەگشتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، وەک ئەوەی هەموو لایەکیش لەسەری کۆکن گەشە و پێشکەوتن لە هەموو بوارەکان بەدی نایەت، تاوەکوو ئەو شەڕەی کە لەناوچەکە هەیە ڕانەگیرێت، کە هەڕەشە لە ئاشتی جیهان دەکات.
جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هەموو لایەک کار بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
21ـی ئەیلوولی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە نیویۆرک و بڕیارە بهشداری له حەفتا و نۆیەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
نووسینگهی سهرۆك وهزیرانی عێراق لهم بارهوه ڕایگهیاندووه: سوودانی له پهراوێزی بهشداریكردنی له کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی به ژمارهیهك له سهركرده و سهرۆكی وڵاتان و سهرۆكی ڕێكخراوه نێودهوڵهتییهكان دهكهوێت.
نووسینگهکە ئاماژە بەوە کردەوە، کە سوودانی له بهردهم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە لووتکەی ئاییندەدا گوتارێک پێشكهش دهكات.