چین پشتیوانیی خۆی بۆ لوبنان ڕاگەیاند

چین پشتیوانیی خۆی بۆ لوبنان ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی ئیسرائیل بووەوە تا ئێستە سەدان کەس کوژران و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش بریندار بوونە.
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بە عەبدوڵلا بوحەبیب، هاوتا لوبنانییەکەی ڕاگەیاند، چین پاڵپشتیی لوبنان دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی، هەروەها بە توندی ئیدانەی پێشێلکاریی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی ئیسرائیل دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەردوو وەزیر لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە و بیروڕایان لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کردووە.
ڕاگەیەندراوەکە لە زاری وەزیری چینەوە هاتووە: ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە دەکەین، بەتایبەتی تەقینەوەی ئەم دواییەی ئامێرەکانی پەیوەندی لە لوبنان و دژی هەر هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی دەوەستینەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، چین کاردەکات بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وانگ ئاماژەی بەوەش کرد، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە توندوتیژی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارە ناکرێت، بەڵکو "کارەساتی مرۆیی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە".
لای خۆیەوە ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی دا هاوسەنگیی هێز لە باکوور بگۆڕن.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر شوێنەکانی حزبوڵای لوبنان دەست پێ کردووە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕایان گەیاندووە، بووەتە هۆی کوژرانی 492 کەس و بەدەیان هەزار کەسیش ناچاربوون بەرەو شوێنە ئارامەکان هەڵبێن.
ڕۆژی دووشەممەوە، 23-09-2024، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".
لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی حزبوڵلای لوبنانی، "هێرشێکی پێشوەختە بووە" دوای ئەوەی زانیویانە حزبوڵلا ئامادەکاریی دەکات هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.