ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز زەنگی ئاگادارکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیلی لێ دا

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە مەترسیی گۆڕینی لوبنان بۆ "غەززەیەکی دیکە"دا، هەروەک دەڵێت: ئەوەی زۆر نیگەرانم دەکات ئەگەری پەرەسەندنێکی دراماتیکترە بۆ شەڕێکی سەرتاسەری و ڕووداوی تەقینەوەی ئامێری پەیجەریش ئەگەری ئەوەی هەیە دۆخەکە لەوە زیاتر گرژتر بکات، ئەوەش کارەسات دەبێت بۆ هەموو جیهان.
پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاستی نیگەرانیی نێودەوڵەتییەکانی زیاتر کردووە، ئەوەش ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستە هەیە، دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی ئاشکرای نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە "هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ململانێکان بەرفراوان نەبن".
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی شەڕەکە پەرە نەسێنێت.
لای خۆیەوە جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، نیگەرانین لە پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان و داوا دەکەم بە زووترین کات ئەو شەڕە ڕابگیرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: شەڕەکە پەرەسەندنێکی نیگەرانکەرە، پێویستە بە زووترین کات ئەو شەڕ ڕابگیرێت و ئاگر بەست بکرێت.
جۆن کێربیش، گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆشداری دا لەوەی پەرەسەندنی ململانێی سەربازی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نییە.
هاوکات حزبوڵلا ڕایگەیاند، چووەتە قۆناغی شەڕی کراوە.
هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە، 23-09-2024، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".
لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی حزبوڵلای لوبنانی، "هێرشێکی پێشوەختە بووە" دوای ئەوەی زانیویانە حزبوڵلا ئامادەکاریی دەکات هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.