مەسرور بارزانی بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری بە ڕێگەی هەولێر- دهۆک، کردەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری بە ڕێگەی هەولێر- دهۆک، کردەوە.
سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری لە نزیک گوندی گەزنە، بە ڕێگەی سەرەکيی هەولێر- دهۆک کردەوە کە درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دوای کردنەوەی پڕۆژەکە، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستاندایە و شەقامی 120 مەتری بە ڕێگەی سەرەکيی هەولێر- دهۆک دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاونیشتمانیان دەکات".

سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشیی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) کرد کە وەکوو خۆی گوتی، "بە شێوەیەکی زۆر ستاندارد و لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەم پرۆژانە جێبەجێ دەکات".
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیواشی خواست "بتوانین ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو پێشتر ببەین و پڕۆژەی باشتر بخەینە خزمەتی هاووڵاتییان".