حەوتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی کوردستان دەکرێتەوە
لەگەڵ دەستنیشانكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی پێكهێنرا و چەندین كۆبووەوەی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و چەندین بڕیاری گرنگی دا و هاوكات چەندین شاند پێكهێنرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە، دواجاریش لە 25ی ئەیلوول، گەلی كوردستان دەنگی بە "بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆم لەپێناو سەربەخۆیی دا.
ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی 2017، 25ـی ئهیلوول، وەک ڕۆژی ڕیفراندۆمی سهربهخۆیی گهلی كوردستان دەستنیشانكرا و ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی پێكهێنرا .
یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە لە 8ی تەمموزی 2017 بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی بەڕێوە چوو، ئەو بڕیارانەدرا
1-پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017.
2- هەنگاوی پراكتیكی بۆ هەیكەلی ئەنجوومەن و كۆمیتە لاوهكییهكان نران.
3-حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆن هەموو پێداویستییەكانی ڕیفراندۆم فەرهەم بكات.
دواتر لە 30ی تەمووز 2017، ئەنجوومەن بریاری دا؛ لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.
هەروەها لە 7ی ئابی 2017دا، ئەنجوومەنەكە كۆبووەوە، پێشهاتە سیاسییەكان و هەڵوێستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بۆ كرا، هەروەها بڕیاری پێكهێنانی شاندێكی دانوساندن لەگەڵ بەغدا پەسەند كرا. لە 12ی ئاب؛ سەردانی شاندە باڵاكەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی بۆ بەغدا و ئایندە پەیوەندییەكان تاوتوێ كرد.
پاشان لە 23ـی 8ـی 2017 ئەنجوومەن چەند بڕیارێكی دا:
1- لەبارەی ڕیفراندۆم جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوساندن لەگەڵ بەغدا كردەوە.
2- ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم خێراتر بكرێت.
3- كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ چاكسازی دووپاتكردەوە.
4- ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت.
5- كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بە شەراكەتی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان هەیە و پشتگیریی هەموو جۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.
6- پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوساندنكار بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
لەو چوارچێوەیەدا؛ گەلی كوردستان بە سهركردایهتیی سەرۆك بارزانی لە 25ی ئەیلوول، به بهڵێ دهنگیان بۆ ڕیفراندۆم و سهربهخۆیی دا، زیاتر لە 92% هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد و له لاپهڕهكانی مێژوو بووه ڕۆژێگی گرنگ و پڕشنگدار.