ئەو قوتابییەی سەرۆک وەزیران زۆر پێی سەرسامە؛ دەیەوێت ببێتە پزیشک
سەرۆک وەزیران زۆر سەرسامی "توانای قسەكردن و بیركردنەوە"ـی قوتابییەکی کۆیەیە و ئەویش دەیەوێت لە ئاییندەدا ببێتە "پزیشک".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، لەگەڵ گەیشتنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە بە مەبەستی بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025؛ کچە قوتابییەک بە چەپکەگوڵێک پێشوازیی لێ کرد.
سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکیدا بەم شێوەیە باسی لە پێشوازیی ئەو کچە قوتابییەی کرد: "لە هاتنە ژوورەوەم، قوتابییەكی زۆر خۆشەویست پێشوازیی لێ كردم و زۆر سەرسام بووم بە توانای لە قسەكردن و بیركردنەوە، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم كە توانیویانە و قوتابیی وا پەروەردە بكەن".
ئەو قوتابییەی مەسرور بارزانی زۆر پێی سەرسامە؛ ناوی "شازی ڕێبوار" تەمەن 10 ساڵ و قوتابیی پۆلی پێنجی سەرەتاییە لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە.
شازی ڕێبوار بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "من یەکەم کەس بووم لەناو هاوڕێکانم پێشوازیم لە سەرۆکی حکوومەت کرد، زۆر پێم خۆشبوو و خۆشحاڵی کردم، لێی پرسیم ئینگلیزییەکەت زۆر باشە و سەرسام بوو پێم. گوتی چۆنە ئینگلیزیەکەت واباشە؟ گوتم لە ڕێگەی کتێبەوە فێربووم".
وەکوو ئەوەی ئەو قوتابییە باسی کرد، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پرسیاری لێ کردووە، "خولیات چییە بۆ ئایندە؟ گوتم حەزم لێیە ببمە پزیشک. هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستم".
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی لەوەش کرد "كۆیە هەر لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی زانست و مەعریفە و هونەر و شیعر و تێگەیشتن و شوێنی پێشكەوتن بووە و خەڵكی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵكەوتووە".