هەولێر؛ کۆنفرانسی "پێغەمبەرناسی لە شیعری کوردیدا" بەڕێوە دەچێت

دیمه‌نێك له‌ کۆنفرانسی "پێغەمبەرناسی لە شیعری کوردیدا/ فۆتۆ: زه‌كه‌ریا فاتیح محه‌ممه‌د
دیمه‌نێك له‌ کۆنفرانسی "پێغەمبەرناسی لە شیعری کوردیدا/ فۆتۆ: زه‌كه‌ریا فاتیح محه‌ممه‌د

كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین شه‌شه‌مین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ ناونیشانی "پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری كوردیدا" به‌ڕێوه‌ ده‌بات و به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندان پانێڵ و گفتوگۆ و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

چوارشه‌ممه‌، 25ـی ئه‌یلوولی 2024، كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین شه‌شه‌مین كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ ناوونیشانی "پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری كوردیدا" له‌ هۆڵی "كوێت" به‌ڕێوه‌ ده‌بات و به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندان پانێڵ و گفتوگۆ و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

كۆنفرانسه‌كه‌ چه‌ندان ئامانجی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستی و هاوچه‌رخانه‌ بۆ ده‌رخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئایین له‌گه‌ڵ شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردستان له‌ شاعیرانی كلاسیك تاوه‌كوو ئێسته‌. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنی ئیستاتیكیی ئه‌و شیعره‌ كوردییانه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌رناسی بووه‌ ڕووخسار و مۆركی ئه‌ده‌بیان.

ئامانجێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ خستنه‌ڕووی ڕۆڵی شاعیرانی كورد له‌ نووسینی شیعر و هه‌ڵبه‌ست له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و ئاكار و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی. هاوكات، نیشاندانی ڕۆڵی شاعیرانی كورد له‌ عیرفان و سۆفیگه‌ری و قووڵكردنه‌وه‌ی ئایینداری هاوسه‌نگ و میانڕه‌و له‌ ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی ڕه‌فتار و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا.

ئه‌م كۆنفرانسه‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌تایبه‌تی: پێغه‌مبه‌رناسی له‌ ڕوانگه‌ی شیعری شاعیرانی زاراوه‌ جیاوازه‌كانی كورد، ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، شه‌مائیل و خوڕه‌وشتی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، میعراجنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی و چه‌ند ته‌وه‌ره‌ێكی دیكه‌.

دیمه‌نێك له‌ كۆنفرانسی
دیمه‌نێك له‌ كۆنفرانسی "پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری كوردیدا"/ فۆتۆ: زه‌كه‌ریا فاتیح محه‌ممه‌د

د. جه‌میل عه‌لی ڕه‌سووڵ، ڕاگری كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌ باره‌ی ناوه‌رۆك و ئامانجه‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌، تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: ئامانجیانه‌ له‌م كۆنفرانسه‌دا ڕۆڵی شیعری له‌ به‌رزڕاگرتن و نیشاندانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له‌ لای شاعیرانی كۆن و نوێی كورددا بخه‌نه‌ ڕوو، به‌تایبه‌تی كه‌ شاعیرانی كورد له‌ كۆنه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر نه‌رم كردووه‌ و وه‌كوو نموونه‌ی باڵای ژیانی خۆیان له‌ باره‌یه‌وه‌ هۆنراوه‌یان بۆ نووسیوه‌.

ڕاگری كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، شیعری شاعیرانی كورد، به‌تایبه‌تی شاعیرانی كلاسیك له‌ باره‌ی خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هیچ له‌ شیعری شاعیرانی عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ كه‌متر نییه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌ندێك كاتدا پێشكه‌وتووتر و ئاستبه‌رزتریشه‌.

جه‌میل عه‌لی ڕه‌سووڵ، ڕاگری كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان
جه‌میل عه‌لی ڕه‌سووڵ، ڕاگری كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان/ فۆتۆ: زه‌كه‌ریا فاتیح محه‌ممه‌د

كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان پێشتر و له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2014، 2018، 2019، 2023 پێنج كۆنفرانسی دیكه‌ی زانستی له‌ بواره‌كانی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌ق و كه‌له‌پوور – خوێندنه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌، زه‌ڵمی و ئیجتیهاده‌كانی له‌ شه‌ریعه‌ت و یاسادا، چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی زانستی له‌ قورئان و سوننه‌تدا، شكۆی خێزان له‌ دیدگه‌ی ئایین – یاسا – كۆمه‌ڵناسیدا، به‌ستووه‌.