حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی پێنج ساڵدا ڕێگەی قیڕی بۆ زیاتر لە 200 گوند بردووە
لەڕێگای دروستکردنی پۆند و بەنداو و ڕێگەی قیڕتاو و ڕاکێشانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ گوندەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی لە دروشمەوە کردووە بە کردار، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕێگەی زیاتر لە 200 گوندی قیڕتاو و دروستکردووە.
لەسەرووی هەموو ئەوانەش دۆزینەوەی بازاڕ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی باخداری و کشتوکاڵی ڕۆڵی باشی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان. لە ڕابردوو و ئێستاش تەنانەت بۆ ئایندەش، گوندەکان هۆکاری سەقامگیری و ئاسایشی خۆراک و سەبەتەی خۆراکی شارەکان بوون. لێرەوە هەلی کار نەک بۆ گوندنشینان، بەڵکو بۆ هەزاران دانیشتووی شارەکانیش ڕەخساوە.
یەکێک لە گوندنیشیەکان بەناوی یوسف حەمەدەمین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زستانان ڕێگەکەمان زۆر ناخۆش بوو، ئۆتۆمبێلی بچووک زۆر بە ئەستەم دەیتوانی سەرکەوێت، بۆیە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ڕێگەی بۆ چاک کردووین.
گرنگیدان بە گوندەکان و ئاوەدانکردنەوەیان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک کاری لەسەرکراوە لە بری جێهێشتنی گوندەکان، ئێستا گوندنشینان لە شارەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان دەگەرێنەوە.
کۆسار حەمە ساڵح، بەرێوبەری ئاوەدانکردنەوە و چاککردنی ڕێگاوبانی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو خەڵکەی لە گوندەکان نیشتەجین، ئەگەر هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ بچێت، بەدڵیناییەوە ناچنەوە شارەکان، لەو کابینەیەش پشکی شێری خمەتگوزارییەکان بەر گوندەکان کەوتووە.
تەنها لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نزیکەی 600 پرۆژەی ڕێگاوبانی لە پرد و تونێل و ڕێگاوبان لە دەرەوەی شارەکان جێبەجێکردووە، ڕێگای قیڕی بۆ زیاتر لە 200 گوند بردووە، ئێستا لەو گوندانە گوندشیان باشتر و خێراتر دەستیان بە شارەکان دەگات و بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریان ساغ دەکەنەوە.