بنیامین ناتانیاهۆ: جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە
K24 – هەولێر:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکات، شەڕ دژی حەماس و حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، "شەڕی لوبنانییەکان ناکەین، بەڵکوو شەڕی حزبوڵڵا دەکەین، ئێمە شەڕ بۆ مانەوە دەکەین."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: شەڕ دژی حەماس و حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت، سوپاس بۆ خوا لەم هێرشانەی دواییدا بۆ سەر باشووری لوبنان زۆرینەی سەرکردەکانی حزبوڵڵا کوژراون.
جەختی لەوە کردەوە، رێگە بەبوونی حزبوڵڵا لە بەرەی باکوور نادەن. هاوکات گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین پرۆژەیاسا دژی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکراوە.
ناوبراو گوتی: ئەم دژە جوویەی کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت مایەی سەرسوڕمان نییە بۆ کەس، بەردەوام دژایەتیمان دەکرێت، هەروەها لایەنێک لە لایەنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک دادگای تاوانەکان فەرمانێکی دەستگیرکردنی لە دژی من و دژی هەندێک لە سەرکردەکانی ئیسرائیل دەرکردووە.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئیسرائیل لە شەڕەکەدا لەگەڵ حزبوڵڵا و حەماس سەرکەوتوو دەبێت چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، ئیسرائیل سوپایەکی قارەمانی هەیە و بەرگریی لەخۆی دەکات.