هێڵی ئاسمانی ئێران گه‌شته‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت ڕاگرت

فڕۆكه‌یه‌كی ئێران
فڕۆكه‌یه‌كی ئێران

هێڵی ئاسمانی ئێران گه‌شته‌كانی تا كاتێكی نادیار بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت ڕاگه‌یاند، ئه‌م بڕیاره‌ دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای ئیسرائیل دێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت.

شه‌ممه‌، 28ـی ئه‌یلوولی 2024، هێڵی ئاسمانی ئێران گه‌شته‌كانی تا كاتێكی نادیار بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت ڕاگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵلا، ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان له‌ لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ ئیسرائیل و خودی حزبه‌كه‌.

ئه‌و بڕیاره‌ی هێڵی ئاسمانی ئێران هه‌روه‌ها دوبه‌دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای ئیسرائیل دێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت.

شه‌ممه‌، 28ـی ئه‌یلوولی 2024، عەلی حەمییە، وەزیری کاروباری گشتیی لوبنان ڕایگەیاند "سوپای ئیسرائیل توانیویەتی دزە بکاتە ناو شەپۆلی پەیوەندییەکانی تاوەری کۆنترۆڵی فرۆکەخانەی بەیرووت و هۆشداری داوەتە فرۆکەیەکی مەدەنی ئێرانی و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ڕێڕەوی خۆی نەگۆڕێت و لە فرۆکەخانەی بەیرووت نزیک بێتەوە، لەناوی دەبات".

حەمیە گوتی: بەهۆی دزه‌كردنی ئیسرائیل بۆ ناو شەپۆلی پەیوەندییەکانی تاوەری فڕۆکەخانەی بەیرووت، فڕۆکەکە نەیتوانی بنیشتێتەوە.

ناوبراو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئیسرائیل دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەوانیی لوبنانی ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر هەر فرۆکەیەکی ئێرانی لە فرۆکەخانەی بەیرووت بنیشێتەوە، 'هێز' بەرانبەری بەکار دەهێنێت.

لای خۆیەوە ماڵپەڕی "فلایت ڕادار" ئاماژەی بەوە کرد، ئەو فڕۆکەیەی کە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی پێ داوە، هی کۆمپانیای "هێڵی ئاسمانی کاشم" بووە و گوایە پێشتر چەکی لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵلا هێناوە.

ئەوەش لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکان دێت، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای، ڕاگەیاند.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد؛ ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی نەسروڵلا بوو. هەر چەندە مێدیاکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلایان ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی  ڕایان نەگەیاندبوو.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.