سوودانی: هەموو ئەو لوبنانیانەی دەیانەوێت بێنە عێراق خێرا بەڵگەی گەشتیان پێ بدرێت

فڕۆکەی هێلی ئاسمانی لوبنانی
فڕۆکەی هێلی ئاسمانی لوبنانی

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی لوبنان، بەڵگەی گەشتی خێرا بەهەموو ئەو لوبنانیانە بدەن کە دەیانەوێت بێنە عێراق.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی لوبنان، بەڵگەی گەشتی خێرا بەهەموو ئەو لوبنانیانە بدەن کە پاسپۆرتییان نییە  و دەیانەوێت بێنە عێراق.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەوڵە ئاماژەی پشتیوانیی عێراقە بۆ لوبنان و خەڵکەکەی کە ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.

شەممە، 28-09-2024، حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان، سەلماند.

هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی جەنەراڵ عەباس نیلفوروشان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی لە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024ـی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.