وەزارەتی پەروەردەی عێراق: قوتابیانی لوبنانی لە باوەش بگرن

لوبنان
لوبنان

وەزارەتی پەروەردەی عێراق تەواوی پەروەردەکان ڕادەسپێرێت، قوتابیانی لوبنانی لە باوەش بگرن.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی، وەک هەڵوێستێکی مرۆیی و نیشتمانی بەپەلە، وەک پشتگیرییەک بۆ قوتابییانی لوبنان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئاسانکاریی کردن لە کاروباری ئاوارەکان.

وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، وەزیری پەروەردە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی ساڵنامە و تاقیکردنەوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ڕێنمایی بەپەلە بۆ ڕۆژی یەکشەممە بڵاو بکەنەوە بۆ لە باوەشگرتنی قوتابیانی لە لوبنانەوە دێن بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکانی عێراق بەزووترین کات دەست بە خوێندن بکەن، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە خوێندنی ئەمساڵیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.