باڵیۆزی ڕووسیا: مۆسکۆ چاوی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

ئێلبروس کوتراشێڤ: کورسی خوێندنی قوتابیانیانی کوردمان لە ڕووسیا زیاد کردووە

ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق
ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق

ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق دەڵێ: مۆسکۆ بە وردی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانێت بە ئاراستەی بەهێزبوون و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری جیاجیادا، کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت .

کوتراشێڤ، لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتیی نێوان زانکۆی سۆران و پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی (ئەکادیمیای زانستیی ڕووسیا) گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ڕووسیا بە ئاراستەی بەهێزبوون و پەرەپێدان، بە وردی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانێت لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا، کە لە بەرژەوەندیی دوولایەندا بێت.

گوتیشی: مۆسکۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان ڕووسیا و عێراق هەڵدەسەنگێنێت و بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو دڵسۆزییەی گەلی کورد بۆ ڕووسیای هەیە، کە زیاد لە جارێک ئەمەیان دوپات کردووتەوە.

هەروەها ئاماژەی دا "مێژووی پەیوەندیی هاوبەشی کورد و ڕووسیا لە سەدەی 18یەمەوە دەست پێ دەکات، کاتێک ڕۆژهەڵات بووە چەقی ڕووبەڕوبوونەوەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا، لەو کاتەوە زانستی ناسینی نەژاد و کولتووری کورد بە ناوی کوردۆلۆجی سەری هەڵداوە".

باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا دەڵێت: ئەوانەی سەرقاڵی ئەم زانستە بوون، زانا و گەورە دیپلۆماتەکان بوون، ڤیلیام دیتل، ڤاسیلی بارتل، ئەڤگوست ژابا، پیۆتەر لێف، نیکەڵای مارک، مارگەریتا رودێنکە، زارا یوسوپەڤا و هتد، بەڵام پشکی شێر لەم بوارەدا بەر یوسوف ئۆربێلی دەکەوێت، کە ڕۆژهەڵاتناسی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو بوو، نووسینەکانی بۆ مێژوو و جوگرافیا و کولتووری نەژادی کورد تەرخان کردووە.

هەر لە درێژەی گوتارەکەیدا، ئێلبروس کوتراشێڤ گوتی: لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، خەباتکار بۆ ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ، وەک پەناگە چوونە یەکێتیی سۆڤییەت، زۆریان پەیوەندی خێزانی و خزمایەتییان لەگەڵ گەلی ڕووس دروست کرد، بەم هۆیەوە زۆرێک لە نەوەکانی ئەو پۆلە بارزانییە ئێستا بەشێکی گرنگی ڕەوەندی ڕووس لە کوردستان پێک دێنن.

هەر لە گوتارەکەیدا ئاماژەی دا "ڕووسیا، لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، کوردەکان وەک فاکتەرێکی گرنگی هاوسەنگیی سیاسیی ناوخۆ سەیری دەکات، واتە سووریا و ئێران و تورکیا. زۆر چالاکانە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماتیمان هەیە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستە کوردەکاندا، هەر ئەمەش وای کردووە بە بەردەوامی سەردان و دیدار ڕێک بخرێن و تیادا بابەتی ڕۆژ لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ بکرێن".

هەروا ئاماژەی دا "دام و دەزگا حکوومەتی و بازرگانییەکان بە بایەخەوە بە تەنگ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی توانای ئابووری هەرێمی کوردستانەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەشی بازرگانی، وەبەرهێنان، ئاڵوگۆڕی زانیاری و زۆر بواری دیکە. نموونەی سەرکەوتنی هەماهەنگیی هاوبەشمان بریتییە لە کارەکانی کۆمپانیاکانی گازپرۆم لەگەڵ ڕووس نەفت، ئەم دوو کۆمپانیا گەورەترین وەبەرهێنەرن لە بواری نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش جێگەی بایەخە".

باڵیۆزی ڕووسیا گوتیشی: ئەمساڵ حکوومەتی ڕووسیا 70 کورسی خوێندنی بۆ فێرخوازانی کورد لە زانکۆ دیارەکانی وڵاتەکەدا دابین کردووە، دەبێت بڵێم کە کورسی خوێندن بۆ تەواوی عێراق جیاکراوەتەوە، بەڵام بەوپێیەی لە وڵاتەکەدا ناوچەی جیاجیا هەن، هەرێمی کوردستان پێداگریی کرد کە کورسی خوێندن بۆ فێرخوازانی کوردستان بەجیا 60 کورسی هەبێت و ئێستا ئەو بڕە زیاد بووە بۆ 70 کورسی ساڵانە.

هەروەها گوتی: کار لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا دەکرێت و باس لە کردنەوەی لقی خوێندنی زمانی ڕووسیش بەشێکە لەو بابەتە. دڵنیام ئەم بۆنەیە گڕوتینی زیاتر دەدات بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا، دەرفەتێکی باشە بۆ ئاڵوگوڕی ئەزموون، دروستکردنی پەیوەندی سودبەخش.

ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق هەر لە گوتارەکەیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان دەبڕی و گوتی: بەش بە حاڵی خۆم، زۆر ئاسوودەم سەردانی هەرێم بکەم، چ هەولێر چ سلێمانی، یان شارەکانی دیکە، لێرە من هەستناکەم کاردەکەم، هەست دەکەم پشوو وەردەگرم.

کۆنفرانسی هاوبەشیی نێودەوڵەتی زانکۆی سۆران و پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی (ئەکادیمیای زانستیی ڕووسیا) بە ناونیشانی "ڕۆڵ و کاریگەریی ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکان لە ناساندنی کورد و پرسی کوردستان" لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. لە کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەتی تایبەت مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ڕووسیا ڕەهەند و لێکەوتەکانی پەیوەندییەکان هەر لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتەوە تاوەکوو ئێستا باس دەکرێن و بیروڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕ دەکرێ بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان.

 

Fly Erbil Advertisment