هۆگر چەتۆ: یەکەم جارە دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری دەبێت

سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس، بۆ چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یەکەم جارە بە کارتی بایۆمەتری دەنگ دەدرێت و کۆمەڵێک ئامێر بەکاردێن و گرێدراون بە یەکترەوە و گەرەنتیی پاکی و بێگەردیی پرۆسەکە دەکەن.

یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، هۆگر چەتۆ، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كان لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا چەند بە پاکی و بێگەردی بەڕێوە دەچێت و گەڕانەوەی متمانەی دەنگدەرە بە پرۆسەی هەڵبژاردن.

سەرۆکی تۆڕی شەمەس دەڵێت: یەکەم جارە بە کارتی بایۆمەتری دەنگ دەدرێت و کۆمەڵێک ئامێر بەکاردێن و گرێدراون بە یەکترەوە و گەرەنتیی پاکی و بێگەردیی پرۆسەکە دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر لە ڕابردوودا کەسێک توانیبێتی دووجار دەنگ بدات ئەم جارە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت، ئەگەر چەند کەسێک بەیەکەوە چووبن دەنگیان دابێت ئەم جارە بۆیان نییە، بەشێوەیەکی زۆرباش کۆمیسیۆن نهێنیی دەنگدانی شی کردووەتەوە، بە شێوەیەک کەس نازانێت کێ دەنگی بەکێ داوە.

دەشڵێت: پڕوپاگەندەکان زۆرن، بەڵام ڕێکارەکان ڕێگە بەوە نادەن، دەنگدانی تایبەت ژمارەی دەنگەکانیان کەم کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بارگرانیی لەسەر ئامێرەکان دروست نەبێت، هەر وێستگەیەکی دەنگدان تەنیا 300 دەنگدەری تایبەت دەتوانێت دەنگی لێ بدات، بەڵام دەنگدانی گشتیی 450 دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بدات.

هۆگر چەتۆ ڕاشیگەیاند "هەروەها بۆ یەکەم جارە لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان کامێرای چاودێری دەبێت، پێش دەستپێکردنی پڕۆسەکە تا دوای ڕاگرتنی ئامێرەکان و کۆتایی پرۆسەکە. ئەوەی جێگەی دڵنیایی بێت یەکەم جارە ئەم جۆرە کامێرایە لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەکار دێت؛ ئەم جۆرە کامێرایە تەنیا لەلای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە و وەکو کۆدیش کۆدەکەی لە بنکەی نیشتمانییە لە بەغدا، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کارمەندەکان بەبێلایەنی کار دەکەن، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیاش ببنەوە لەو سکاڵایانەی کە لایەن بریکارەکانی لایەنەکان تۆمار دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment