لێژنەی باڵای ئەمنی: لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بردنەژوورەوەی مۆبایل قەدەغەیە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، نابێت بە هیچ شێوەیەک مۆبایل ببرێتە ژوورەوە.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان بە سەرۆکایەتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی پارێزگاران و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بووە و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لێژنەکە چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد کە یەکەمیان، لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا بە هیچ شێوەیەک نابێت مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببرێتە ژوورەوە، ئەمەش لەپێناو زەمینەخۆشکردنی زیاتری ئازادی دەنگدەران.

پارێزگای هەولێر، دەڵێت: لە ڕۆژانی دەنگداندا قەدەغەکردنی هاتووچۆ نابێت هەروەکو ڕۆژانی ئاسایی و هیچ شەقامێک داناخرێت، هەروەها دەزگەکانی ڕاگەیاندن کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمیسیۆن تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێبێت.

لای خۆیەوە هێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان، میمۆرییەکانی دەنگدان بەشێوازێکی پیشەییانە و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان تەنیا لەڕێی ئاسمانییەوە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.