سەركردەیەكی یەكێتی: مەكتەب سیاسیمان ھەیە 100 ملیۆن دۆلاری لایە

" ئێمە لەسەر داھاتی نەوت رەخنە لە پارتی دەگرین و ئامادەش نیین بەشەكەی خۆمان ئاشكرا بكەین"

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێ، ئێمە رەخنە لە پارتی دەگرین لەسەر داھاتی نەوت، بەڵام تا ئێستا ئامادەنین بەشەكەی خۆمان ئاشكرا بكەین كە ملیارەھا دۆلارە، مەكتەب سیاسیمان ھەیە 100 ملیۆن دۆلاری لایە.

شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی ئێن ئارتی نزیك لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: "لەوەتەی نەوتی كوردستان ھەناردە دەكرێت خەڵكی كوردستان ھاوار دەكات دەڵێ با شەفاف بێت، ئێمە ھاوار دەكەین پارتییە، بەڵام ئامادەش نیین بەشەكەی خۆمان شەفاف بكەین كە خۆمان بە ملیارەھا دۆلارە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیمان ھەیە 100 ملیۆن دۆلاری لایە، ئەو پارەیە ئەگەر ھی حكوومەت و خەڵكە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەگەر ئێمە سوورین لەسەر خزمەتكردنی خەڵك ئەیدەین بە پارێزگای سلێمانی و دەڵێین بە وسڵیش دەمانەوێت بۆچیت خەرجكردووە، ئەگەر موڵكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە دەزگایەك ھەیە ناوی ئیدارەی گشتییە لەوێی دادەنێن كە بەرپرسەكەی دلێری سەید مەجیدە ئەگەر بەكەڵك نایە لای دەبەن".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "موڵك و ماڵی یەكێتی ھەرچی ھەیە زۆربەی بەناوی ئەم و ئەوەوەیە، لیستێكم لایە بایی ملیارەھا دۆلار موڵك و ماڵی یەكێتی بەناوی خەڵكەوەیە".

لەبارەی نامەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بۆ عەبای كە داوای لێكردووە نەوتی كەركووك بۆ بەغدا بوەستێنێ شاڵاو عەلی عەسكەری دەپرسێ: "بە سیفەتی چی نامەكەی ناردووە؟ ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسییە نە جێگری سكتێری گشتییە و نە كارگێڕی مەكتەبی سیاسییە، ئەمە خۆی لە خۆیدا كێشەیە، قوبادت لەوێ داناوە ئەگەر بە كەڵك نایە لایبە و كەسێكی تر لەوێ دانێ با قسە بكات".

ئەوەش دەخاتەڕوو: "ئێمە پابەندنین بەو بڕیارانە كە پرس ورا بە ھەڤاڵانی ئێمە نەكرابێت لە ناوەندی بڕیار، كە پرس و رامان پێنەكرێت نابن بە بڕیاری فەرمی یەكێتی و قبووڵی ناكەین".