عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمی وڵاتانە لە هەناردەی نەوت بۆ کۆریای باشوور

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، لە مانگی ئابدا عێراق پێنجەم وڵات بووە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ وڵاتەکەیان.

کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، سعوودییە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بووە بۆ کۆریای باشوور و لە مانگی ڕابردوودا بڕی 26.997 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی کۆریا کردووە، ئەمەریکاش لە پلەی دووەمە بە بڕی هەناردەکردنی 15.884 ملیۆن بەرمیل، ئەنجا ئیمارات بە پلەی سێیەم بڕی 12.101 ملیۆن بەرمیل و کوێت بە 9.378 ملیۆن بەرمیل پلەی چوارەمی بەدەست هێنا.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، عێراق وەک گەورەترین هەناردەی نەوت لە مانگی ئابدا پلەی پێنجەمی بەدەست هێناوە، ئەویش 8.886 ملیۆن بەرمیل بووە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 2023 بە ڕێژەی 28.9% زیادی کردووە، هەروەها بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو بە ڕێژەی 27.9% زیادی کردووە، بە 6.946 ملیۆن بەرمیل.

دوایین داتاکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی کۆریا دەریخستووە؛ هاوردەکردنی نەوتی خاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ڕێژەی 2.9% لە ساڵێکدا، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 493.120 ملیۆن بەرمیل.

Fly Erbil Advertisment