رووماڵ

ئەمەریکا: هێزەکانمان بۆ بەرگریکردن و هاوکاریکردنی ئیسرائیل خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

کۆشکی سپی ئەمەریکا
کۆشکی سپی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، بە بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا، هێزەکانیان بۆ بەرگریکردن و هاوکاریکردنی ئیسرائیل خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران لە دژی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد.

لە کاردانەوەکانیشدا کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، بە بڕیاری جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هێزەکانیان بۆ بەرگریکردن و هاوکاریکردنی ئیسرائیل خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" دەڵێت: ئێران هیچ خاڵێکی سەربازی ئێمەی لەناوچەکەدا بە ئامانج نەگرتووە.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ناوەندی ئیسرائیلمان کردە ئامانج و هێرشەکەش لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی حەماس و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بووە .

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، زیاتر لە 400 مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و  فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن و سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانیش بە ئاراستەی وڵاتەکەی داخستوون لەگەڵ هێرشەکانیشدا 1864 زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل لێدراوەو بە ملیۆنان هاووڵاتی چوونەتە پەناگەکان .