گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیان پێ کردەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و وڵاتان دەستیان پی کردووەتەوە.
ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و وڵاتان دەستیان پێ کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی عێراق سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی گەشتی فڕۆکەکانن، ئەوانەی گەشتەکانیان بەپاش کەوتوون یان بە پێش کەوتوون. دەشڵێت: گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی بوونەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ژمارەی گەشتە هەڵوەشێنراوەکانی ئاشکرا نەکرد.
نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 01-10-2024، گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگیران.
شەوی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی هێرشە مووشەکییەی ئێران، ڕەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕاگەیاند.