عەلی تەتەر: دهۆک خاوێنترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراقدا

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت: هەموو ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون بۆ شارەکە، وای کردووە دهۆک ببێتە خاوێنترین پارێزگای سەر ئاستی عێراق.

پێنج شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ژمارەیەک پرۆژەیە بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە دهۆک ئەنجامدراون، ئەمڕۆش ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران لەسەر چەندین پرۆژەی دیکە درا کە بۆ تەواوی قەزا و ناحییەکان بە دادپەروەریی جێبەجێ دەکرێن.

گوتی: ئەو پرۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت ڕەنگە تا سەری ساڵ بەردەوام بێت چونکە

سەرتاسەرینە، گوتی: بۆ ئامێدی بە 25 ملیار دینار  پرۆژە جێبەجێ دەکرێن، هاوکات کۆرنیشی سەر بەنداوی دهۆک یەک لە پرۆژە ستراتیژییەکانە کاری لەسەر دەکرێت،  سەرباری تەواوکردنی پرۆژەی چیای زاوا، دەشڵێت: هیچ بەربەستێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان نییە.

عەلی تەتەر دەڵێت: هیچ مەترسییەک لە دروستبوونی لافاو نییە بۆ زستانی ئەمساڵ، خانووەکانی زێدەڕۆ و موڵک بوون لەسەر پرۆژەی ئاوەڕۆی دهۆک کە بایی 100 ملیارە، قەرەبوو کرانەوە و لادران، بەڵام چەند کێشەیەکی تەکنیکی و یاسایی هەیە کە کار بۆ چارە کردنیان بۆ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کار بۆ ئەوە کراوە مەترسیی لافاو لە شارەکە دروست نەبێت.

پارێزگاری دهۆک گوتی: زەویمان نەماوە بۆ ئاوەدانی زیاتر، هەمووی ئاوەدان کراوەتەوە، وای لێهاتووە بیر لە دروستکردنی تاوەری بەرز بکەینەوە بۆ نیشتەجێبوون، بەڵام تەواوی پرۆژەکان بە دیراسە دەکرێت.

گوتیشی: شوێنی گەشتیاریی زۆر  لەنێو دهۆک کراونەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بەردی بناغەی دوو پرۆژەی گەشتیاریی دادەنرێت.

عەلی تەتەر ڕایگەیاند: لە سەرسەنگ دوو پرۆژە دەکرێن، یەکیان مەلەوانگەیەکی ئۆلۆمۆمپیە، لەگەڵ سینەمایەکی گەورە کە ڤیستیڤاڵی سینەمایی لێ بەڕێوە ببەین، هاوکات کۆشکی مەلیک فەیسەڵ دەکەینە شوێنی گەشتیاریی و مۆزەخانە بۆ گەشتیاران.

عەلی تەتەر ڕاشیگەیاند: کۆڕنیشی گەلی باڵندا لەسەر ڕووباری شین کارەکانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، چەند هۆتێلیکیش لە سیلاڤ دروست دەکرێن، ئەو ناوچانەشی کە چەندین ساڵە کێشەی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیای لێیە، کەمتر پرۆژەی لێ ئەنجامدراوە، بەڵام بۆ لەمەودوا پرۆژەکان بەو شوێنانەش دەگات، لەوانە پرۆژەی ڕێگەی باڵندا کە بە زیاتر لە 22 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و پێکهاتووە لە دروستکردنی شەقام و ڕووناکی و خاوێنکردنەوەی گەلییەکە.

عەلی تەتەر گوتی: پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات لەوەی دهۆک ببێتە پایتەختی گەشتیاریی، لەگەڵ ئەوەش دەبێ بزاندرێت کە ئایا دەکرێ ببێتە پایتەختی گەشتیاریی، لەگەڵ ئەوانەشدا دهۆک گونجاوە ئەو نازناوە وەربگرێت.

ڕایگەیاند: کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو، چەندین پرۆژە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاران.

پارێزگاری دهۆک ئاشکرای کرد، 11 کۆمپانیا ڕێگەیان پێدراوە بەپێی ڕێنماییەکان لەبواری نەوت و وزەدا کار بکەن، دەشڵێت: کەش و هەوای دهۆک لەسەر ئاستی عێراقدا خاوێنترین پارێزگایە، پارکی ئالوکا ڕەنگە ئەگەر نەبێتە گەورەترین پارک لە عێراق، بەڵام دەبێتە یەک لە گەورەترین پارکەکان.