شیعه‌كان: زیاره‌تی مه‌زاری ئیمام حوسێن به هه‌زار حه‌ج هه‌یه
ئێرانییه‌كان له بری حه‌ج ده‌چنه كه‌ربه‌لا
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی ململانێكانی نێوان سعوودیه و ئێران و رێكنه‌كه‌وتنیان، ئه‌مساڵ هیچ ئێرانییه‌ك بۆ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌كانی حه‌ج، سه‌ردانی سعوودیه ناكات، له بری ئه‌وه‌ش ئێرانییه‌كان به لێشاو روو له شاری كه‌ربه‌لا و سه‌ردانی مه‌زاری ئیمام حوسێن ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك له شیعه‌كانیش پێیانوایه، سه‌ردانیكردنی مه‌زاری ئیمام حوسێن له كه‌ربه‌لا، به هه‌زار حه‌ج هه‌یه.
عادل موسه‌وی، به‌رپرسی رێوڕه‌سمه ئایینییه‌كانی كه‌ربه‌لا ده‌ڵێت: "پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی سه‌ردانیكاران بگاته یه‌ك ملیۆن كه‌س، نزیكه‌ی 75%یشیان ئێرانین".
سه‌ردانیكردنی مه‌زاری ئیمام حوسێن، ته‌نها بۆ ئه‌و 64 هه‌زاره ئێرانییه نییه كه ره‌زامه‌ندی به‌جێهێنانی حه‌جییان وه‌رگرتبوو، به‌ڵكو به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی ئاسایی ئێران، له ریزی سه‌ردانیكارانن.
له رووی شه‌رعه‌وه، زیاره‌تی مه‌زاری ئیمام حوسێن، هاوتای به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج نییه، كه به یه‌كێك به كۆڵه‌گه‌كانی ئیسلام داده‌نرێت، به‌ڵام شیعه‌كان له كه‌ربه‌لا زیاتر هه‌ست به ئارامی ده‌كه‌ن، وه‌ك له مه‌ككه.
شوكروڵڵا، سه‌ردانیكارێكی ئێرانییه و له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی له نزیك مه‌زاره‌كه دانیشتووه و ده‌ڵێت: "بۆ ئێمه كه‌ربه‌لا شتێكی سرووشتییه، به‌رده‌وام دێینه ئێره، ئێستا رێگه‌ی مه‌ككه له ئێمه داخراوه و كه‌س ناتوانێت بچێت".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌ركی ئێمه‌یه بێینه ئێره و ئێره وڵاتێكی موسڵمانه".
ئه‌و سه‌ردانیكاره ئێرانییه، كه ته‌واوی سه‌ری سپی بووه، له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌یه‌تی و هه‌وڵده‌دات خۆی له تیشكی خۆر بپارێزێت, ئه‌و هێشتا رووداوى مه‌شعه‌ری میانی وه‌رزی رابردووی حه‌جی له بیره، كه نزیكه‌ی 464 حاجی ئێرانی گیانییان له‌ده‌ستدا، ئه‌و ده‌ڵێت: "ساڵی رابردوو حاجییه‌كی زۆری ئێرانی گیانییان له‌ده‌ستدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت ئێمه زۆر چاوه‌ڕێ بكه‌ین، تاكو ناومان بۆ حه‌ج ده‌رده‌چێت، هه‌ندێكجار 10-15 ساڵ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بۆیه بڕیارمدا ئه‌مساڵ له جیاتی حه‌ج سه‌ردانی ئێره بكه‌م".
عادل موسه‌وی ده‌ڵێت: "بۆ شیعه‌كان، زیاره‌تی ئیمام حوسێن له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، به هه‌زار هه‌یه".
هه‌رچه‌نده هاتنی سه‌ردانیكارانی ئێران به لێشاوه، به‌ڵام هیچ جیاوازییه‌كی درووستنه‌كردووه، چونكه ئه‌و شاره كه ته‌نها 80 كیلۆمه‌تر له به‌غدا دووره، زۆربه‌ی كاته‌كانی ساڵ قه‌ره‌باڵغه و هاتنی خه‌ڵكیش، شتێكی نامۆ نییه.
عه‌قیل ته‌ریحی، پارێزگاری كه‌ربه‌لا ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه و شوێنی حه‌وانه‌وه و ئه‌منییه‌تمان دابینكردووه، ئێمه راهاتووین له ئیداره‌دانی بۆنه‌كان، وه‌كو (اربیعینیه) چله، بۆیه ئێمه له تواناماندا هه‌یه بۆنه‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستاش رێكبخه‌ین".
سه‌رچاوه: هافینگتۆن پۆست