نه‌جمه‌دین كه‌ریم: هه‌رێمی كوردستان پترۆدۆلاری كه‌ركووكی ناردووه‌ به‌ڵام به‌غدا رایگرتبوو

"له‌وه‌ته‌ی به‌غدا هه‌یه‌ نه‌وتی كه‌ركووكی بردووه‌ و بۆ كوشتنی خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركووكی به‌كارهێناوه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك، له‌ باره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی كه‌ركووك و فرۆشتنی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی كوردی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، هه‌رێم شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركووكی داوه‌ و به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ كردووه‌.

پارێزگاری كه‌ركووك راشیگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر نه‌وتی كه‌ركووك، پترۆدۆلاری داوه‌ و هاوكات مووچه‌ی به‌شێكی زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌ركووكیش دابین ده‌كات.

هه‌روه‌ها گوتی: "پێشمه‌رگه‌، ئاسایش، زیاد له‌ 8 هه‌زار كارمه‌ندی خوێندنی كوردی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و شه‌هیدان، مووچه‌كانییان له‌ هه‌رێم وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر بڵێن هه‌رێمی كوردستان هیچی بۆ كه‌ركووك نه‌كردووه‌ غه‌دره‌ و راست نییه‌".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ی حكوومه‌تی به‌غدا هه‌یه‌، كه‌ركووك هیچ بڕیارێكی به‌ده‌ست نه‌بووه‌ و به‌ ده‌یان و سه‌دان كارمه‌ند بۆ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور داده‌مه‌زرێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی راوێژ به‌ كه‌ركووك بكات.

راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی وا ده‌زانێت هه‌رێم به‌ ده‌رهێنانی نه‌وت دزی له‌ كه‌ركووك ده‌كات راست نییه‌ و له‌وه‌ته‌ی به‌غدا هه‌یه‌ نه‌وتی كه‌ركووكی بردووه‌ و بۆ مه‌به‌ستی خۆی و كوشتنی خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركووك به‌كاریهێناوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "40%ی نه‌وتی كه‌ركووك له‌ژێر ده‌ستی نه‌وتی باكووره‌ و 60%ی له‌ژێر ده‌ستی هه‌رێمی كوردستانه‌، دوای رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا بۆ راده‌ستكردنی ئه‌و نه‌وته‌  بۆ به‌غدا، حكوومه‌تی به‌غدا 17%ی بودجه‌ی هه‌رێمی نه‌نارد، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ستی به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ كرد".

له‌ باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كانی كه‌ركووك كه‌ به‌غدا دابینی ده‌كات، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، گوتی: "رێژه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر كوردانه‌ی له‌ به‌غدا مووچه‌ی وه‌رده‌گرن 20% كه‌متره‌".

له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌ به‌غدا، پارێزگاری كه‌ركووك گوتی: "ئێمه‌ هیچ خێرێكمان له‌ به‌غدا نه‌بینیوه‌، زیاتر له‌ 500 كه‌سییان دامه‌زراندووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی راوێژمان پێ بكرێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ 2013 ته‌نها 20%ی‌ پترۆ دۆلارمان وه‌رگرت و  به‌غدا له‌ 2014 و 2015 یه‌ك دۆلاری نه‌داوه‌ته‌ كه‌ركووك و بۆ پارێزگاكانی باشووری ره‌وانه‌ كردووه‌".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، تا ئێستاش كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشه‌وه‌ ده‌پارێزرێت، كه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستانن.