نوێنەری زانكۆی ئەزھەر لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە: موسڵمانی راستەقینە و باوەڕدار لێرەیە

"ئەوەی لێرە بینیم ئازایەتی و سووربوونی پێشمەرگە لەسەر خاكی خۆیان نیشاندەدات"

 K24 – كەركووك

نوێنەری زانكۆی ئەزھەر لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد و رایگەیاند، ئەوەی لە ھەولێر و سەنگەرەكانی پێشمەرگە بینیم موسڵمانی راستەقینە لێرەیە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، دكتۆر ئوسامە محێدین نوێنەری زانكۆی ئەزھەر راگەیاند: "لە راستیدا ئەوەی ئەمڕۆ بینیم ئازایەتی و سووربوونی پێشمەرگە لەسەر خاكی خۆیان نیشاندەدات، خۆشەویستییەكی زۆر لە نێو پێشمەرگەدا ھەیە، ھیوادارم ببێتە ھۆی پێشكەوتن و سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگە و لە جەژنەكانی داھاتوو تەواوی خاكی خۆیان لە دەستی داعش پاك بكەنەوە".

سەبارەت بەوەی كە داعش رووبەڕووی پێشمەرگە دەبێتەوە و دەڵێ"ئەوان ئیسلام نین" ئەو شێخەی ئەزھەر گوتی: "ئەوە زۆر ھەڵەیە موسڵمان نابێ موسڵمانێكی دیكە بە كافر لە قەڵەم بدات، مادام ئەو باوەڕی ھەیە و ئەركە ئاینییەكان جێبەجێ دەكات".

گوتیشی: "ئەوەی من لە ھەولێر و لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بینیم موسڵمانی راستەقینە لێرەیە، باوەڕێكی بەھێزیان ھەیە و لە یەكتر دەبورن رێز لە یەكتر دەگرن، داعش ئەوە نازانێ ھەموو دونیا بە كافر لە قەڵەم دەدەن".