جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی: دڵنیاتان دەکەینەوە ناوەندی بڕیار سوور دەبێت لەسەر پەیامەكەی

"بەڵێن دەدەین سوربین لەسەر خواست و ماف و داواکاریە رەواکانتان"

K24 – ھەولێر

ھەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایدەگەیەنن، كە ئەوان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی پەیامەكەیان و بۆ گێڕانەوەی شەرعیەت و ناوەندی بڕیار لەناو حزبەكەیان.

لە پەیامێكی ھاوبەشیاندا بەبۆنەی جەژنی قوربان جێگرانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنن، ئەوان سوورن لەسەر لەپامەكەیان و دەڵێن: "دڵنیاتان دەکەینەوە ناوەندی بڕیار لەپێناو مافەکانی خەڵک و روڵی شیاوی یەکێتیە و سووردەبین لەسەر جێبەجێکردنی پەیامەكەی بۆ بوژاندنەوەی یەکێتی و گێڕانەوەی شەرعیەت و ناوەندی بڕیار".

لە 1ئەم مانگە كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا (ناوندی بڕیار)یان لە ناو حزبەكەیان راگەیاند و ئەوەیان خستەڕوو كە لەمەودوا ھەر بڕیار بێ پرسی ئەوان لەناو یەكێتی بدرێت شەرعی نییە و قبووڵی ناكەن، لەبەرامبەردا باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی وەڵامیاندانەوە و خۆیان بە زۆرینەی حزبەكە ناساند و ناوەندی بڕیاریان بە بێ شەرعی دایە قەڵەم.

 

دەقی پەیامەكەی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمانتان ئاڕاستە دەکەین، هیوادارین بەهیمەتی هەموان بتوانین ئەم جەژنە بکەینە سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و بیکەین بەدەسپێکێکی جدی بۆ چارەی قەیرانی کەڵەکەبوی حوکمڕانیمان و دابینکردنی مووچە و قوت و خزمەتگوزاری شایستە بەخەڵک.

خەڵکی کوردستان شایستەی ژیانێکی باشترن، نابێت قوربانیەکان لەپێناو ئەو دەسکەوتانەدا نادیدە بگیرێن و ناکرێت چیتر ڕێگە بدرێت ئەوان  لەم دژواری و مەینەتیانەدا ژیانی کولەمەرگی بگوزەرێنن. لەم پێناوەدا دەزانین یەکێتیە ڕەسەن و تێکۆشەرەکان چاوەڕێن یەكیتی بەشداری کاراتربکات لە چارەسەری كیشەكانی كومەڵانی خەڵك، و بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە بۆیان کە ئێمە بەپاڵپشتی هەڤاڵەکانمان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرە پێشکەوتوەکانی یەکێتی ناوەندی بڕیاری یەکێتیمان ڕاگەیاند بو دیاریكردنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و قەیرانەکانی یەکێتی. لەم ڕوەوە دڵنیاتان دەکەینەوە ناوەندی بڕیاڕ لەپێناو مافەکانی خەڵک و روڵی شیاوی یەکێتیە و سووردەبین لەسەر جێبەجێکردنی پەیامەكەی بو بوژاندنەوەی  یەکێتی و گێڕانەوەی شەرعیەت و ناوەندی بڕیاڕ بۆی بۆئەوەی یەکێتی ببیتەوه بەحیزبی هیوای خەڵک و تیكوشەرانی له سایەی چەپکە گوڵەکەی جەنابی مامجلالەوە. 

لەکۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی تێکۆشەری کورستان و تەوای پێشمەرگە قارەمانەکان و پارێزەرانی ئارامی کوردستان دەکەین و دەڵێین ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر خوێنی شەهیدە نەمرەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و دۆستانی گەلەکەمان داوامان لێدەکەن ریزەکانی گەلەکەمان زوو بەزوو یەکبخەین و بەئیرادەیەکی تۆکمەوە قەیرانەکانی حوکمڕانی تێپەڕێنین و بەگیانی بەرزی هەڤاڵانە و بەهەستکردن بەبەرپرسیارێتیەکانی سەر شانمان کێشەکانی ناوخۆمان لەناو یەکێتی چارە بکەین. ئێمە لەناوەندی بڕیاڕی یەکێتی پشت بەخوا و بەگەلی کوردستان و پشت بەیەکێتیە تێکۆشەرەکان بەڵێن دەدەین سوربین لەسەر خواست و ماف و داواکاریە ڕەواکانتان و شێلگیرانە تێدەکۆشین لەپێناو خواستە گەورەکانی خەڵک و ئەو بەهاو ئامانجە بەرزانەی یەکێتییان لەپێناودا دامەزراوە.

کۆسرەت رەسول عەلی و بەرهەم ساڵح

جێگرانی سکرتێری گشتی

یەکێتی نیشتمانی کوردستان