ئاگربه‌ستی سوریا 48 كاتژمێر درێژ كرایه‌وه
توندوتیژی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كەم بووه
K24 – هه‌ولێر
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و روسیا له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی سوریا بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێری دیكە رێككه‌وتن كه له رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو ئاگربه‌ستی سه‌رانسه‌ری له سوریا كه‌وته بواری پراكتیكه‌وه، له‌لایه‌ن وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و روسیا راگه‌یه‌نراوه و لایه‌نه دوژمنه‌كانی سوریا تا ئێستا پابه‌ندی ئاگربه‌سته‌كه بوونه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مارك تۆنه‌ر رایگه‌یاند كێری و لاڤرۆڤ به رێگه‌ی ته‌له‌فۆن پێكه‌وه قسه‌یان كردووه و له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ست رێككه‌وتوون.
به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا ئاگربه‌ست له سوریا بۆ ماوه‌ی حه‌وت رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت كه له رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی قوربان جێبه‌جێكرا و تا ئێستاش به‌رده‌وامه و به‌پێی رێككه‌وتنی نوێ له نێوان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و روسیا بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێری دیكه دریژكرایه‌وه، كه ده‌گاته نۆ رۆژ.
ئاگربه‌ست هه‌ردوو رێكخراوی داعش و به‌ره‌ی نوسره به‌خۆوه ناگرێت كه ئه‌مریكا و روسیا له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ لێدانی هه‌ردوو رێكخراو له‌ماوه‌ی رۆژانی ئاگربه‌ست رێككه‌وتوون.
هه‌ردوو لایه‌نی سوریا پابه‌ندی ئاگربه‌ست بوونه و به‌وته‌ی نێرداوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو له نه‌هێشتنی شه‌ڕ و توندوتیژی به‌ده‌ستهاتووه.
وته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌روه‌ها گوتی هه‌رچه‌نده هه‌ندێ هه‌واڵی پێشلكاری و توندوتیژی له‌ماوی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی ئاگربه‌ست بڵاو بووه‌وه، به‌ڵام توندوتیژی له به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌فته‌ی رابردوو به شێوه‌یه‌كی به‌رچاوه كه‌م بووه.