ئەنجوومەنی ئاشتی: ئەگەر ئیسرائیل بەربەست دروست بکات لە غەززە دەکشێینەوە

ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە لە کاتی بەڕێکردنی تەرمی کوژراوێکی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل (وێنە: AA)
ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە لە کاتی بەڕێکردنی تەرمی کوژراوێکی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل (وێنە: AA)

ئەنجوومەنی ئاشتی هۆشداری دەدات، ئەگەر حکوومەتی ئیسرائیل لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پلانی کۆتاییهێنان بە شەڕ بەردەوام بێت، ئەوا لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە و دۆسیەکە رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکاتەوە.

 ئەنجوومەنی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دا، ئەگەر حکوومەتی ئیسرائیل بەردەوام بێت لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی پلانی کۆتاییهێنان بە شەڕدا، لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە و دۆسیەکە رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "واینێت"ـی ئیسرائیلی، جۆش گرۆنباوم، راوێژکاری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی، چەند لایەنێکی نێو حکوومەتی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی، بە بەرپرسیار زانی لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم چوونە قۆناخی داهاتووی پلانی ئاشتیدا.

گرۆنباوم روونی کردەوە، ئەنجوومەنەکە لە سێ هەنگاوی سەرەکیدا بەهۆی ئیسرائیلەوە چەقی بەستووە، ئەوانیش: واژۆنەکردنی رێککەوتنی جێگیرکردنی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی لە غەززە، رێگەنەدان بە پۆلیسی فەلەستینی بۆ مەشقکردن لە میسر و دەستبەکارنەبوونی لیژنەی نیشتمانیی تەکنۆکرات بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، هەروەها رەخنەی لە نەگەیشتنی یارمەتیی پێویست بەر لە هاتنی زستان گرت.

باسی لەوەش کرد، ئەنجوومەنەکە پێشبینیی کردبوو دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیدا بێتە کایەوە، بەڵام سەرەڕای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە، بەربەستە سیاسییەکان هێشتا بەردەوامن.

ئەو راوێژکارە باڵایە هۆشداریشی دا، ئەگەر سەرکردایەتیی ئیسرائیل لە پابەندییەکانی پاشگەز ببێتەوە، ئەگەری هەیە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان بگەڕێندرێتەوە، یان سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر غەززە بۆ حکوومەتی داهاتووی کۆشکی سپی بەجێ بهێڵدرێت.

 لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، تاوەکوو حەماس بە تەواوی چەک دانەنێت و غەززە لە چەک دانەماڵرێت، رێگە بە ئاوەدانکردنەوە نادرێت و لێی ناکشێنەوە.

لە مانگی ئەیلوولی 2025، بنیامین نەتانیاهۆ پلانە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە پەسەند کرد و لە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2025 ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـیشدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە 2803 پشتیوانیی لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتی کرد.

 لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 کۆشکی سپی ئەنجوومەنی ئاشتی و لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززەی راگەیاند و جۆش گرۆنباومی وەک راوێژکاری باڵا دەستنیشان کرد، پاشان لە رۆژی 19ی شوباتی 2026 یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بە بەشداریی زیاتر لە 20 وڵات لە واشنتن بۆ کۆکردنەوەی پارەی ئاوەدانکردنەوە بەڕێوەچوو.

 رۆژی 30ی تەمموزی 2026، بزووتنەوەی حەماس بە نەخشەڕێگەی ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ چەکدانان و رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتەکە بە لیژنەی تەکنۆکرات رازی بوو، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردەوە و بە ناتەواوی زانی.